ئێرانجیهان

ئێران هیچ کارتێکی فشاری لەدەست نەماوە

سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و بە تیمێکی کاریگەر وەسفی کردن، هاوکات هۆشداریی دا کە سوپای وڵاتەکەی لە دۆخی ئامادەباشی تەواوی چەکدایە و ئەگەر تاران بەردەوام بێت، ئەوەی لە هێزی سەربازیی ئێران ماوەتەوە “بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنن”. راشیگەیاند ئێران هیچ کارتێکی فشاری لەدەست نەماوە.

یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ستایشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد بە فۆکس نیووزی گوتی: “ئێمە وەک برای گەورە و برای بچووکین و تیمێکی زۆر کاریگەرمان پێکهێناوە.” سەبارەت بە کاردانەوەی ئێرانییەکانیش گوتی: “سەرەتا وا خۆیان نیشان دەدا کە کارتی بەهێزیان لەدەستە، بەڵام هیچ کارتێکیان نییە؛ سوپا و سەرکردایەتییان تێکشکێنراوە.”

ترەمپ هۆشداری دا کە وڵاتەکەی لە دۆخی ئامادەباشی تەواوی چەک دایە، ئەگەر تاران بەردەوام بێت، سوپای ئەمریکا ئەوەی کە لە ئێران ماوەتەوە بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنێت. ئێمە لە هەموو حاڵەتێکدا براوەین.”

ترەمپ رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانی ناتۆ کرد و گوتی: “ناتۆ هاوکاری نەکردین، ئەوان یان دەترسن، یان لاوازن، یان چاوچنۆکن.” هەروەها هێرشی کردە سەر کەناڵەکانی (CNN, ABC, NBC) و رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و بە میدیای ساختە ناوی بردن و راپۆرتەکانیانی بە نزیک لە خیانەت وەسف کرد.

ترەمپ باسی لە توانای سەربازیی نوێی ئەمریکا کرد و ئاماژەی دا، کارگەکانی درۆنی ئێرانیان تێکشکاندووە. ئێستا فیشەکی کۆمپیوتەری و لایزەرمان هەیە کە درۆنەکان دەتوێنێتەوە، بینینی دیمەنی توانەوەی درۆنەکان بە لایزەر زۆر جوانە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە 28 کەشتیی مینڕێژکەری ئێران بە تەواوی لەناوبراون و هێزی دەریایی ئەمریکا و بەریتانیا سەرقاڵی پاککردنەوەی گەرووەکەن.

ترەمپ رایگەیاند: “ئێمە گەمارۆیەکی تەواو دەخەینە سەر گەرووی هورمز و رێگە نادەین ئێران لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە پارە پەیدا بکات. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەیە کە بەرامبەر ڤێنزوێلا گیرانەبەر، بەڵام لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا. گوتیشی: “ئەمە سەرانەوەرگرتنی جیهانییە و ئێمە رێگە نادەین هیچ کەشتییەک کە باجی بە ئێران دابێت، بە سەلامەتی تێپەڕێت

سەبارەت بە وردەکاریی کۆبوونەوەکان لە پاکستان، ترەمپ ئاشکرای کرد کە شاندەکەی جی دی ڤانس، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر بۆ ماوەی 21 کاتژمێر لە دانوستانی بەردەوامدا بوون و گوتی: “لەسەر زۆربەی خاڵەکان رێککەوتین، بەڵام تەنیا یەک خاڵ هەیە کە گرنگە، ئەویش ئەوەیە کە ئێران نایەوێت دەستبەرداری خەونە ئەتۆمییەکانی بێت. منیش دەڵێم: ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.”

سەرچاوە

Related Posts