سعوودییە جەخت لە گرتنەبەری هەموو رێکارێک دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی
سعوودییە بە فەرمی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی کەنداو و رایگەیاند: کە هەموو رێکارێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵات.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، سەفییە سوهەیل، باڵیۆزی عێراقی لە شانشینەکە بانگهێشت کرد و نامەیەکی ناڕەزایەتی فەرمی رادەست کرد.
لە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی سعودیەدا هاتووە، کە ئەم بانگهێشتکردنە لە پاش بەردەوامیی هێرش و هەڕەشە ئاشکراکان دێت کە لە ڕێگەی درۆنەکانەوە لە ناو خاکی عێراقەوە کراونەتە سەر سعوودییە و وڵاتانی دیکەی کەنداو.
لە کاتی ڕادەستکردنی نامەی ناڕەزایەتییەکەدا، سەعود ساتی، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی، جەختی لە سەرکۆنەکردنی توندی شانشینەکە کردەوە بۆ ئەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە سەرچاوە دەگرن و گوتی: “پێویستە عێراق بە بەرپرسیارییەتییەکی تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشە و دەستدرێژییانەدا بکات.”
هەروەها ساتی دووپاتی کردەوە، کە سعوودییە بە توندی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی وڵاتان و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە رەت دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە شانشینی سعوودییە هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش و پاراستنی خاکەکەی.










