کاندیدی پارێزگاران و ڕکابەری سەرسەختی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی هەنگاریا بەدەستهێنا. ئۆربان کە بۆ ماوەی 16 ساڵە حوکمی وڵات دەکات، بەفەرمی دانی بە شکستی خۆیدا نا و پیرۆزبایی لە مادیار کرد.
یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، پیتەر مادیار، سەرۆکی پارتی تیسا و کەسایەتیی نوێی گۆڕەپانی سیاسی هەنگاریا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاند: ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیران پەیوەندیی پێوە کردین بۆ ئەوەی پیرۆزبایی سەرکەوتنمان لێ بکات.”
ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجامە بەراییەکان هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دوای جیاکردنەوەی 53.45%ـی دەنگەکان دەریانخست کە پارتی تیسا 52.49%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا پارتی فیدێزی ئۆربان تەنیا 38.83%ـی دەنگەکانی هێناوە.
پێشبینی دەکرێت پارتی تیسا 135 کورسی لە کۆی 199 کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، کە ئەمەش زۆرینەی دوو لەسێیە و رێگەیان پێ دەدات حوکمی وڵاتەکە بگرنە دەست.
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، لە گوتارێکدا بۆ لایەنگرانی دانی بە شکستی پارتەکەیدا نا و گوتی: “ئەنجامەکان، هەرچەندە هێشتا کۆتایی نین، بەڵام روون و ئاشکران؛ بۆ ئێمە بە ئازارن؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە گەلی هەنگاریا جارێکی دیکە متمانەی حوکمڕانییان پێنەسپاردوونەتەوە.
پیتەر مادیار، کە پێشتر کەسێکی نێو بازنەی دەسەڵاتەکەی ئۆربان بووە و ئێستا وەک رابەری ئۆپۆزسیۆن دەرکەوتووە، لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەڵێنی گۆڕینی بنەڕەتیی سیستەمی دابوو. ئەم سەرکەوتنەی مادیار بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی نوێی هەنگاریا و ئەوروپای ناوەڕاست دادەنرێت، کە کۆتایی بە یەکێک لە درێژترین سەردەمەکانی حوکمڕانی لە ئەوروپادا هێنا.
نوێ دەکرێت










