ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا لێخۆشبوونی 30 رۆژەی سزاکانی سەر نەوتی ئێران لە دەریاکاندا نوێ نەکاتەوە، کە بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە بەسەربچێت. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران و بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوان کە بەرپرسانی ئەمریکا بە “رقی ئابووری” (Economic Fury) وەسفی دەکەن.
سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، ئەو لێخۆشبوونەی وەزارەتی گەنجینە لە 20ی ئادار دەریکردبوو، لە رۆژی یەکشەممە 19ـی ئەم مانگەدا بەسەردەچێت و درێژ ناکرێتەوە. ئەو لێخۆشبوونە رێگەی دابوو نزیکەی 140 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران کە لە ناو کەشتییەکاندا بوون بگەنە بازاڕەکان بۆ کەمکردنەوەی پەستانی وزە لە کاتی جەنگدا، بەڵام ئێستا واشنتن بڕیاری داوە ئەو دەرچەیەش دابخات.
یەکێک لە بەرپرسەکان رایگەیاندووە کە ئەم بڕیارە ئاماژەیە بۆ ئەوەی وەزارەتی گەنجینە بە تەواوی توانایەوە چووەتە نێو قۆناغی “رقی ئابووری” دژی تاران، کە هاوتایە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی (Epic Fury) کە ئەمریکا دژی ئێران دەستی پێکردووە.
ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە یاسادانەرانی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات رەخنەی توندیان لە ئیدارەکە گرتبوو بەوەی نەرمی بەرانبەر تاران و مۆسکۆ نواندووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هاوشێوەی ئێران، واشنتن لێخۆشبوونی سزاکانی سەر نەوتی رووسیاشی لە دەریاکاندا نوێ نەکردووەتەوە، کە شەممەی رابردوو بەسەرچوو.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، گەمارۆدانی گەرووی هورمز دەستەبەری ئەوە دەکات کە هیچ کەشتییەکی چینی یان وڵاتانی دیکە نەتوانن نەوتی ئێران بگوازنەوە. بێسێنت گوتی: “چین دەتوانێت نەوت لە هەر شوێنێک بکڕێت، بەڵام نەوتی ئێران نا.” جێی ئاماژەیە چین زیاتر لە 90%ـی نەوتی هەناردەکراوی ئێران دەکڕێت، کە دەکاتە 8%ـی کۆی گشتیی کڕینی ساڵانەی نەوتی ئەو وڵاتە.










