گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرا دەڵێت، شاندێکی پاکستان لە درێژەی تاوتوێی دانوستاندنەکەی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئاباد، سەردانی تاران دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی راگەیاند:” ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان تاران و واشنتن لە رێگەی پاکستانەوە بەردەوامە و ئەمڕۆ شاندێکی پاکستان لە درێژەی تاوتوێی دانوستاندنەکەی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئاباد، سەردانی تاران دەکات.”
ئیسماعیل بەقایی گوتی:” لە رۆژی یەکشەممەوە کە شاندی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاکستان گەڕایەوە، تاوەکو ئەمڕۆ پەیامی جۆراوجۆر لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانییەوە ئاڵوگۆڕ کراوە. هەڵوێستەکانی ئێمە زۆر بە روونی لەوێ و لەکاتی ئەم ئاڵوگۆڕانەشدا راگەیێندراون.”
ئیسماعیل بەقایی، لە بارەی پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەی رایگەیاند: “تەنیا ئامانجی ئاشتییانەی لەپشتە و هیچ کات بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نەبوونە و ناشبن، دەشڵێت، بنەما ئایینییەکان رێگەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان پێ نادات، بەڵکو ئەو دەربڕینانەی سەبارەت بە ویستی ئێران هەن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، دەرخەری ‘سەرلێشێواوی’ـی بەرپرسانی ئەمریکییە.”
بەقایی گوتیشی: “نازانم بە چ زمانێک، بە چ دەربڕینێک دەبێ هەڵوێستی ئێران رابگەیێندرێت. ئەوەی کە بەرپرسانی ئەمریکی پێداگری دەکەن و وا پێشانی دەدەن کە لە هەڵوێستەکانی ئێران ئاگادار نین، هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی روونە. نەوەک لەبەر ئەوەی ترسمان لە کەسێک هەبێت، ئەمە یەکێکە لە بنەماکانی ئێمە. بنەما ئایینییەکانمان ئەم ئەرکەمان پێ دەسپێرن و بەشێکە لە ستراتیژیی بەرگریی ئێران. ئێران هیچ کاتێک بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی نائاشتییانە نەبووە.”
بەقایی گوتی:” ئەو باسانەی کە لە میدیاکانی رۆژئاوادا وروژێنراون، ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە، بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی مافی رەوای ئێرانە و مافێکی سرووشتییە و بەپێی پەیمانی قەدەخەکردنی چەکی ناوەکی ئەوە رەت ناکرێتەوە، لە هەمان کاتدا، سەبارەت بە ئاست و جۆری پیتاندن، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە رایگەیاندووە کە ئەم پرسە لە چوارچێوەی پێداویستییەکانی وڵاتدا جێگای گفتوگۆکردنە.”
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 11-4-2026، دانوستاندنێکی چڕی 20 کاژێری لەنێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکان لە پرسی ئەتۆمیدا بێ ئەنجام بوون و فەرمانی بە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز داوە.










