ئێرانجیهان

ئەمریکا لە گەرووی هورمز کەشتییەکی ئێرانی ناچار بە گەڕانەوە کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجسەممە، 16ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، رایگەیاند؛ تێکشکێنەرێکی دەریایی وڵاتەکەیان سەرکەوتوو بووە لە گۆڕینی ئاڕاستەی کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی کە هەوڵیدابوو لە گەمارۆی سەر گەرووی هورمز رابکات و جەختی کردەوە، ئێستا کەشتییەکە بەرەو ئێران گەڕاوەتەوە.

لە راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە، دوێنێ کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی دوای بەجێهێشتنی بەندەری عەباس و دەرچوونی لە گەرووی هورمز هەوڵیداوە بەدرێژایی کەناراوەکانی ئێران تێپەڕێت و گەمارۆکە ببڕێت بەڵام تێکشکێنەری مووشەکی (USS Spruance) توانیویەتی رێگری لێ بکات و ئاڕاستەکەی بگۆڕێت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆکەوە لە رۆژی دووشەممەوە تا ئێستا 10 کەشتی گەڕێندراونەتەوە و هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە گەمارۆکە بشکێنێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردبوو هەر کەشتییەک لە ناوچەی گەمارۆکە نزیک ببێتەوە دەستبەجێ لەناودەبرێت.

لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی ئەم هەنگاوەی رەتکردووەتەوە و موحسین رەزایی راوێژکاری سەربازی ڕێبەری باڵا رایگەیاندووە؛ وڵاتەکەی رێگە نادات گەمارۆکە بسەپێندرێت و توانای گەورەیان بۆ بەرەنگاربوونەوە هەیە، هاوکات سوپای پاسداران هۆشداری داوە هەر نزیکبوونەوەیەکی سەربازی لە گەرووی هورمز وەک پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار دەکرێت، ئەمەش ئەگەری پێکدادانی راستەوخۆ لە ناوچەکەدا زیاد دەکات.

سەرچاوە

Related Posts