ئێرانجیهان

سەرۆکی لوبنان: قسە لەگەڵ ناتانیاهۆ ناکەم

میدیاکانی لوبنان لە زاری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە بڵاویانکردەوە، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە روونی رایگەیاندووە، ئامادە نییە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل قسە بکات.

پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026، میدیاکانی لوبنان رایانگەیاندووە، جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنان رەتیکردووەتەوە قسە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکات، ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندبوو بڕیارە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی  لە نێوان سەرۆکی لوبنان و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا ئەنجام بدرێت، کە دوای 34 ساڵ ئەمە یەکەمین گفتوگۆی نێوان سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتە دەبێت لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.

لە لایەکی دیکەوە، سێ بەرپرسی لوبنانی بە ئاژانسی “رۆیتەرز”یان راگەیاندووە: “هیچ پەیوەندییەک لە نێوان عۆن و ناتانیاهۆ لە ئارادا نییە و بۆ داهاتوویەکی نزیکیش هیچ بەرنامەیەک بۆ پەیوەندییەکی لەو شێوەیە دانەنراوە”.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکایەتی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، جۆزێف عۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مارکۆ رۆبیۆوە پێگەیشتووە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە پەیوەندییەکەدا، عۆن سوپاسی هەوڵەکانی واشنتنی کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، بەڵام بەیاننامە فەرمییەکەی سەرۆکایەتی لوبنان هیچ ئاماژەیەکی بە ئەنجامدانی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل نەکردووە.

سەرچاوەیەکی فەرمی لوبنانی بە ئاژانسی “فرانس پرێس”ی راگەیاندووە، لوبنان لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە هیچ زانیارییەکی سەبارەت بەو پەیوەندییە پێ نەگەیشتووە کە ترەمپ باسی لێوە کردبوو.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ” نووسیبووی: “هەوڵێک هەیە بۆ دۆزینەوەی هەندێک ئارامی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان، ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆ لە نێوان سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتە نەکراوە، نزیکەی 34 ساڵە، ئەمە سبەی روودەدات، کارێکی نایابە”.

سەرچاوە

Related Posts