ئێرانجیهان

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: یۆرانیۆمی پیتێندراو…


 

ئێران ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە گوایە رازی بووە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی رادەستی ئەمریکا بکات و باس لەوە دەکات، لە دانوستاندنەکاندا زیاتر سەرنجیان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ، هەڵگرتنی سزاکان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیانە.

 

رۆژی هەینی 17ی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران بۆ هیچ شوێنێک ناگوازرێتەوە.

 

ئەم لێدوانە وەک وەڵامێک بوو بۆ قسەکانی پێشتری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو تاران رازی بووە یۆرانیۆمەکەی رادەست بکات.

 

بەقایی گوتی: “یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران بۆ هیچ شوێنێک ناگوازرێتەوە. بابەتی گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران بۆ ئەمریکا هەرگیز لە گفتوگۆکاندا باس نەکراوە.”

 

پێشتر هەر لە رۆژی هەینی، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵەوە نووسی: “ئەمریکا هەموو ‘تۆز’ـە ئەتۆمییەکە بەدەستدەهێنێت کە بەهۆی بۆمبهاوێژە مەزنەکانی جۆری B-2ـی ئێمەوە کەوتە ژێر شاخەکان.” ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی کە گوایە بەهۆی بۆردوومانەکانی ساڵی رابردووی ئەمریکاوە کەوتووەتە ژێر داروپەردوو.

 

بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، گفتوگۆی ئەم دواییە زیاتر لەسەر چارەسەرکردنی ململانێکان بووە، نەک یۆرانیۆمەکەی ئێران. بەقایی گوتی: “دانوستاندنەکانی پێشوو سەرنجیان لەسەر پرسی ئەتۆمی بوو، بەڵام ئێستا دانوستاندنەکان سەرنجیان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگە و بە سرووشتیش مەودای بابەتە باسکراوەکان فراوانتر و هەمەجۆرتر بووە.”

 

بەقایی باسی لە داواکارییە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: “پلانە 10 خاڵییەکە بۆ هەڵگرتنی سزاکان بۆ ئێمە زۆر گرنگە. هەروەها پرسی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە لە ماوەی ئەم جەنگە سەپێنراوەدا بەرمان کەوتووە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.”

 

ئەم روونکردنەوانەی ئێران دوای ئەوە دێن کە ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆسـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، واشنتن و تاران سەرقاڵی دانوستاندنن لەسەر پلانێک کە تێیدا ئەمریکا بڕی 20 ملیار دۆلار لە سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئەوەی ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ببێت.

 

تاوەکو ئێستا ئێران بڕێکی بەرچاو لە یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ی لەبەردەستە، کە نزیکە لە ئاستی 90٪ی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. هەروەها خاوەنی یەدەگێکی دیکەی یۆرانیۆمی پیتێندراوە بە رێژەی 20٪.

 

پێش هێرشەکانی ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) خەمڵاندبووی کە ئێران نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ هەیە. ئەم رێژەیەش زۆر زیاتر بوو لەو سنوورە 3.67٪ـەی کە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015دا دیاریکرابوو؛ ئەو رێککەوتنەی کە دواتر ئەمریکا لێی کشایەوە.

 

لەدوای حوزەیرانی 2025ـەوە چارەنووسی ئەم یەدەگی یۆرانیۆمە نادیارە، چونکە تاران رێگە نادات پشکنەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی ئەو وێستگانە بکەن کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە وێران کراون.

 





سەرچاوە

Related Posts