موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، لە پەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی ئەرتەش (سوپا)ـەوە، ستایشی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ئەرتەش توانیویەتی لاوازی و زەلیلیی سوپاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرچاوی جیهاندا دەربخات.
کۆتاییهاتنی سەردەمی لاوازی
موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا دەڵێ: “ئەرتەش لە بری ئەوەی سەر بە رژێمی تاغووتی و فاسدی پەهلەوی بێت، چووە نێو باوەشی گەرمی گەلەوە و لە بەرامبەر نەخشە شوومەکانی ئەمریکا و جوداخوازان وەستایەوە و داستانی خوڵقاند.”
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بە جەنگی ئێستای ناوچەکە کرد و رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی شەڕی گەورە دەکات و دەڵێ: “درۆنەکانمان وەک هەورەبرووسکە بەسەر تاوانبارانی ئەمریکی و زایۆنیدا دەبارێن و هێزی دەریاییە دلێرەکەشمان ئامادەیە تاوەکو تاڵی شکستی نوێ بچێژێتە قوڕگی دووژمنان.”
وەفاداری بۆ رێبەری پێشوو
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موجتەبا خامنەیی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمڕۆ ساڵیادی لەدایکبوونی “رێبەری مەزنی شەهیدمانە” (ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی) و ستایشی هەوڵەکانی کرد بۆ پاراستنی ئەرتەش لە بەرامبەر هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی لە سەرەتای شۆڕشدا.
موجتەبا خامنەیی باس لەوە دەکات کە هێڵی بەهێزکردنی تواناکانی ئەرتەش بەدواداچوونی بۆ دەکرێ و بەم زووانە رێنمایی نوێ لەو بارەیەوە دەردەچن.
دەقی پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
“إِنَّ اللَّهَ یُحِبُّ الَّذینَ یُقاتِلونَ فی سَبیلِهِ صَفًّا کَأَنَّهُم بُنیانٌ مَرصوصٌ”
بیست و نۆی خاکەلێوە، رۆژی لەدایکبوونی پیرۆزی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە دەستپێشخەرییەکی ژیرانەی خومەینیی گەورە (رەحمەتی خودای لێ بێت) بەم ناوە ناونرا، لە هەموو ئەرتەشییەکان و خێزانە بەڕێزەکانیان و گەلی گەورەی ئێران پیرۆز دەکەم.
سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دوو قۆناخی ژیانی ئەرتەش هەژمار دەکرێ و دەبێت بە کۆتایی ئەو سەردەمە لاوازییە بزانرێت کە لە لایەن دووژمنانی ئەم ئاو و خاکە و بە دەستی خائینانی ناوخۆ بەسەر ئەرتەش و ئەرتەشییە قارەمان و ڕاستگۆکانی وڵاتدا سەپێندرابوو. لەو کاتەوە ئەرتەش لە شوێنی راستەقینەی خۆی وەستاوە و لە جیاتی ئەوەی سەر بە رژێمی تاغووتی و فاسدی پەهلەوی بێت، چووە ناو باوەشی گەرمی گەلەوە، کە بە راستی ئەرتەش رۆڵەی گەلە و لە ناو دڵی ماڵەکانی خەڵکەوە هەڵدەقوڵێت. ئەرتەش لە بەرامبەر نەخشە شوومەکانی ئەمریکا و پاشماوەکانی تاغووتی پەهلەوی و جوداخوازانێک کە ئێرانییەکی لێکهەڵوەشاوەیان دەویست وەستایەوە و داستانی خوڵقاند.
ئەرتەشی ئیسلام ئێستا وەک دوو جەنگی سەپێندراوی پێشوو، بە جەربەزەییەوە بەرگری لە ئاو و خاک و ئەو ئاڵایە دەکات کە پێیەوە بەستراوەتەوە. بەو پشتوێنە بەهێزە خودایی و جەماوەرییەی خۆی و لە رێزگەلێکی چڕ و پتەودا، شانبەشانی موجاهیدانی دیکەی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ دوو سوپای سەرکردەی بەرەی کوفر و ئیستکبار دەستەویەخە بووە و لاوازی و زەلیلیی ئەوانی لە بەرچاوی جیهانیان نیشانداوە، هەروەک چۆن درۆنەکانی وەک هەورەبرووسکە بەسەر تاوانبارانی ئەمریکی و زایۆنیدا دەبارێن، هێزی دەریاییە دلێرەکەشی ئامادەیە تاوەکو تاڵی شکستی نوێ بچێژێتە قوڕگی دووژمنان.
لە لایەکی دیکەوە، بیست و نۆی خاکەلێوە ساڵیادی لەدایکبوونی تاقانەی سەردەم، رێبەری مەزنی شەهیدمانە؛ ئەو کەسەی کە زۆرترین هەوڵی لە دەیەی یەکەمی شۆڕشەوە دا بۆ پاراستنی ئەرتەش لە بەرامبەر هەوڵی شوومی هەڵوەشاندنەوەی و پاشان بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی لە بوارە جیاوازەکاندا.
بێگومان هێڵی بەرەوپێشچوونی تواناکانی ئەم دامەزراوە رەسەنە گەلییەی کە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا و لە باکوورەوە بۆ باشووری وڵات دەپارێزێ، دەبێت بە شێوەیەکی دووقات بەدواداچوونی بۆ بکرێت و بە ئیزنی خودا لە ئاسۆیەکی نزیکدا رێنماییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی دەردەچن.
لەو رێڕەوەدا، سەرنجدان بە رووخساری ئەو قارەمانانەی لە نەوە جیاوازەکانی بەڕێوەبردن لە پێنج دەیەی رابردوودا رێبەری و سەرکردایەتیی ئەرتەشیان کرد و زۆربەیان چوونە ریزی شەهیدانەوە، هەروەها بەرنامە و کارەکانیان و رەوشتە بەرز و دڵسۆزانەکەیان، دەبێتە وانە و ئیلهامبەخش بۆ هەموو بەشەکانی هێزە چەکدارەکان. لە گەورەپیاوانی وەک قەرەنی، فەلاحی، نامجوو، فەکووری، بابایی، سەتاری، ئەردەستانی و سەبادی شیرازییەوە بگرە تاوەکو دوایین شەهیدە ناودارەکانی وەک سەید عەبدولڕەحیم موسەوی و عەزیز نەسیرزادە.
سڵاو و دروودی خودای مەزن بۆ هەموو موجاهیدانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە فەرماندە و پلەدارەکانیەوە تاوەکو کارمەند و سەربازە بێدەنگ و ونەکانی؛ سڵاو و دروودی خودای مەزن بۆ هەموو ئیسارگەران و بریندارانی جەنگ و سڵاو و رەحمەتی تایبەتی خودا بۆ خێزانە بەڕێزەکانی هەموو شەهیدانی جەنگی سەپێندراوی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی دژی گەلی گەورەی ئێران.










