سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، هیچ نەرمییەک لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەدا نانوێنین کە بە تۆمەتی ”بانگەشە” بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا سزا دراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ”ئەوە بانگەشەیە بۆ پیلانەکان و تاوانی جەنگیی دوژمن.”
رۆژی یەکشەممە، 19 نیسانی 2026، غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد بۆ سەر وڵاتەکەی و رایگەیاند: ”ئێستا دیمەنەکە بە تەواوی روونە و دووژمن دژی گەلی ئێمە تاوانی جەنگی کردووە.”
موحسینی ئیژەیی سەبارەت بەو کەسانەی کە بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل سزادراون یان دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا گیراوە گوتی: ”لە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی سزادراواندا هیچ نەرمی نواندنێک نییە، بەڵکو بەپێی یاسا رێکاریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.”
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران گوتیشی: ”هیچ کەس ناتوانێت بانگەشەی بێئاگایی و نەزانین لە تاوانەکان و پیلانەکانی دووژمن بکات و خۆی لە نەزانی و خۆگێلکردن بدات.”
قسەکانی غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی لەکاتێکدایە کە بەپێی بڕیارێکی نوێی دادوەری، دەست بەسەر هەژمارە بانکییەکان، موڵک، خانووبەرە و ئۆتۆمبێلی 63 کەسایەتیی ناسراوی ئێرانیدا گیراوە کە لە دەرەوە یان نێوخۆی وڵاتەکەدا دەژین. ئەو کەسانە تۆمەتبار کراون بەوەی “هاوکاریی دوژمن” دەکەن و لە رێگەی یاسای “تووندکردنی سزای سیخوڕی”یەوە سزاکانیان بەسەردا سەپێنراوە.










