سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران کۆتایی نەهاتووە و هەر ساتێک ئەگەری گەشەسەندنی نوێ هەیە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی دیداری لەگەڵ خافێر مایلی، سەرۆکی ئەرجەنتین لە ئۆرشەلیم (قودس)، گوتی، “ئێمە لە جەنگداین لەگەڵ ئێران، بابەتەکە کۆتایی نەهاتووە و لە هەر ساتێکدا گەشەسەندنی نوێ روو دەدات”.
ناتانیاهۆ باسی لەوەش کرد، “بەلای ئیسرائیلەوە جەنگەکە هێشتا بەردەوامە و خاڵی کۆتایی بۆ دانەنراوە”.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی باڵای ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچن.
شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 بە هێرشێکی ئاسمانیی فراوانی واشنتن و تەلئەڤیڤ بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی و سیاسی لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران دەستی پێکرد.
هێرشەکان بوونە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی سەربازی و مەدەنی و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس. لە بەرانبەردا، ئێران چەندین هێرشی مووشەکیی کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە، هاوکات گەرووی هورمزی بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە و ئابووریی جیهان دروست کرد.
بەردەوامیی شەڕەکە وای کرد وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی نێوەندگیری بدەن. لە 8ـی نیسانی 2026 بە نێوەندگیریی راستەوخۆی وڵاتی پاکستان، ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا راگەیەنرا. لە ئێستادا گفتوگۆکان لە تاران و ئیسلام ئاباد بەردەوامن بۆ گۆڕینی ئاگربەستە کاتییەکە بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.










