ئێرانجیهان

پزیشکیان: دەبێت خەڵک لە راستییەکان و ئا…


سەرۆککۆماری ئێران داوا دەکات راستییەکان و ئاڵنگارییە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی وڵاتەکەی بە راشکاوی بۆ خەڵک باس بکرێن و هۆشداریش دەدات کە بەڵێنی بێبنەما متمانەی گشتی تێکدەدات و کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.

 

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، پێویستە هاووڵاتییان لەپاڵ دەستکەوتەکاندا لە تەواوی راستییەکان و ئەو ئاڵنگارییانەی لەبەردەم وڵاتدان، ئاگادار بکرێنەوە. 

 

سەرۆککۆماری ئێران دەشڵێت: “پێدانی زانیاریی نادروست و بەڵێنی بێبنەما، نەک هەر کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو متمانەی گشتییش لاواز دەکات.”

 

مەسعود پزیشکیان گوتی، پێویستە دەستکەوت و گرفتەکان بە راشکاوی لەگەڵ خەڵکدا باس بکرێن و رایگەیاند: “میدیاکان دەبێت لەپاڵ خستنەڕووی دەستکەوتەکان، دۆخی ئێستا و ئەو سەختییانەی لە داهاتوودا دێنە پێش روون بکەنەوە، تاوەکو کۆمەڵگە بە ئاگاداریی تەواوەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە ئامادە بێت.”

 

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە بەهۆی هاوئاهەنگی و پلانەوە بەشێک لە کێشەکان بەڕێوەبراون، بەڵام بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بێ چاکسازی و بەڕێوەبردنی ورد، دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری زیاتر بۆ سەر هاووڵاتییان.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆککۆماری ئێران باسی لە کەمی لە کەرتەکانی وزە و سووتەمەنی کرد و رایگەیاند، پێویستە ئەم بوارانە لە رێگەی پلانی تۆکمە و هاوکاریی گشتییەوە بەڕێوەبچن.

 

هاوکات کامبیز نازریان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای تاران رایگەیاند، سەرباری ئەوەی 50٪ـی هێرشەکان بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا لە تاران چڕببوونەوە، تیمە مەیدانییەکان و بەکارهێنانی سیستمی زیرەک وایکرد کە تێکڕای ماوەی چاککردنەوە و گەڕانەوەی کارەبا لە وڵاتدا لە کاژێرێک تێپەڕ نەکات.

 

نازریان وردەکاریی یەکێک لە هێرشەکانی رۆژانی جەنگی خستەڕوو و گوتی: “دوای ئەوەی لە رۆژانی جەنگدا یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا لە رۆژهەڵاتی تاران کرایە ئامانج، نزیکەی نیو ملیۆن هاوبەش بێ کارەبا بوون.”

 

بە گوتەی نازریان، بەهۆی ئامادەکاری و جێبەجێکردنی ئەو سیناریۆیانەی پێشتر راهێنانیان لەسەر کرابوو، توانراوە لە کەمتر لە کاژێرێک و 45 خولەکدا دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی بکرێتەوە و کارەبا بۆ تەواوی تۆڕەکە بگەڕێندرێتەوە.

 

سەبارەت بە ناوەندە تەندروستییەکانیش، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای تاران گوتی، لەو رووداوەدا لە کەمتر لە 30 خولەکدا کارەبای 13 نەخۆشخانە چاککرایەوە و کێشەکەیان بۆ چارەسەر کراوە.

 





سەرچاوە

Related Posts