ئێرانجیهان

شارەوانیی تاران: تێچووی نۆژەنکردنەوەی 46 هەزار…


شارەوانیی تاران دەڵێت، تەواوی تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو 46 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەی لە جەنگی ئەم دواییەدا زیانیان بەرکەوتووە، لە ئەستۆدەگرێ و هەر خێزانێکیش خۆی خانووەکەی چاک بکاتەوە، پارەکەی بۆ خەرج دەکرێتەوە. پزیشکی دادی ئێرانیش ئاماری کوژراوانی جەنگەکەی بڵاوکردەوە.

 

عەبدولموتەهەر محەممەدخانی، گوتەبێژی شارەوانیی تاران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، سەرەڕای دۆخی جەنگ، پڕۆژەکان نەوەستاون و هەفتەی داهاتوو وێستگەی (میترۆی تەختی) و قۆناخی دووەمی پڕۆژەی باخی (روود دەرەی فەرەحزاد) لە باکووری رۆژئاوای تاران دەکرێنەوە.

 

لەبارەی زیانەکانەوە، محەممەدخانی گوتی: “زیاتر لە 46 هەزار خانوو لە تاران زیانیان بەرکەوتووە؛ زیاتر لە 10 هەزار خۆبەخش و ئەندامی تیمیش سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەن و تاوەکو ئێستا 65٪ـی ئەو خانووانەی زیانی کەمیان هەبووە، چاککراونەتەوە.”

 

گوتەبێژی شارەوانیی تاران دڵنیایی دایە هاووڵاتییان: “هەر خێزانێک بڕیار بدات بەشێک لە خانووەکەی خۆی چاکبکاتەوە، تەنیا بە پێشکەشکردنی پسووڵە، شارەوانی تەواوی تێچووەکەی بۆ دەگەڕێنێتەوە.”

 

بەگوێرەی ئامارەکانی شارەوانی، لە ماوەی جەنگدا هەزار و 966 خێزان لە 45 ناوەندی مانەوە و هۆتێل نیشتەجێ کراون. محەممەدخانی گوتی: “لەو ناوەندانەدا خزمەتگوزاریی پزیشکی و کولتووری پێشکێش دەکرێ و 4 هەزار و 500 کەسیش پشکنینی دەروونییان بۆ کراوە.”

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەدخانی ئاماژەی بەوە کرد، وادەی پێدانی باج و رسوومات بەبێ سزای دواکەوتن، تاوەکو 5ـی ئایاری 2026 درێژکراوەتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە عەباس مەسجیدی ئارانی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پزیشکی دادوەریی ئێران دوایین ئاماری کوژراوانی جەنگەکەی راگەیاند و گوتی: “لە جەنگی سەپێنراوی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیدا 3 هەزار و 375 کەس شەهید بوون.”

 

لێدوانەکانی بەرپرسانی شارەوانیی تاران لە کاتێکدایە، ئێران لە قۆناخی هەڵسەنگاندنی زیانەکاندایە دوای شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ی شوباتەوە.؛ 

 

تاران بە چڕی کرایە ئامانج. جگە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان، هێرشەکان ژێرخانی کارەبا و وێستگەکانی وزەیان کردە ئامانج و بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئێران، 50٪ـی هێرشەکان بۆ سەر کارەبای تاران بووە.

 

نیشتەجێکردنی نزیکەی 2000 خێزان لە هۆتێلەکاندا تەنیا چارەسەرێکی کاتییە. حکومەت لەژێر گوشاری گەورەدایە بۆ ئەوەی پێش هاتنی وەرزی گەرما، کێشەی ئەو خەڵکە چارەسەر بکات، بەتایبەت کە ئابووریی وڵات بەهۆی خەرجییەکانی جەنگەوە تووشی کورتهێنانی زیاتر بووە.

 

 





سەرچاوە

Related Posts