دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس ” ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە گوایە ئیسرائیل پاڵنەری ئەو بووبێت بۆ دەستپێکردنی جەنگ دژی تاران و گوتی: “ئیسرائیل هەرگیز منی پەلکێشی جەنگ لەگەڵ ئێران نەکردووە. ئەوە دەرەنجامەکانی هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر بوون کە بۆچوونی هەمیشەیی منی چەسپاند، کە ئەویش ئەوەیە: ئێران نابێت هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.”
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئەو گۆڕانکارییە لە ناوخۆی ئێراندا و نووسیویەتی: “ئەگەر سەرکردە نوێیەکانی ئێران (گۆڕینی دەسەڵات!) ژیر بن، ئەوا ئێران داهاتوویەکی مەزن و پڕ لە خۆشگوزەرانی دەبێت.” ئەو دۆخی ئێرانی بە ڤەنزوێلا چواند و گوتی کە دەرەنجامەکان لە ئێران “سەرسوڕهێنەر” دەبن.
ترەمپ جارێکی دیکە هێرشی توندی کردە سەر میدیاکانی ئەمریکا و بە “هەواڵی ساختە” وەسفی کردن. باسی لەوە کرد، “90%ـی ئەوەی دەیڵێن درۆ و چیرۆکی هەڵبەستراوە. ڕاپرسییەکانیش ساختەکراون، ڕێک وەک چۆن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2020 ساختەکرا.”
هەروەها سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “نیویۆرک پۆست” پشتڕاستی کردەوە کە شاندی باڵای وڵاتەکەی بەرەو پاکستان بەڕێکەوتوون. ترەمپ گوتیشی ئامادەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران کۆببێتەوە ئەگەر پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا بەدی بێت و گوتی: “من هیچ کێشەیەکم نییە لەوەی چاوم پێیان بکەوێت.”
ترەمپ ڕایگەیاند کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت، و جەرید کوشنەر، ڕاوێژکاری باڵا خاکی ئەمریکایان بەرەو ئیسلامئاباد جێهێشتووە و گوتیشی: “ئەوان ئێستا لە ڕێگەن و ئەمشەو بە کاتی پاکستان دەگەنە ئەوێ.” ئەمەش ئاماژەیە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان تەنیا چەند ڕۆژێک پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکە.
ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە ئێران بەشداری لەم خولەی دانوستانەکاندا ناکات و ڕایگەیاند: “بڕیارە گفتوگۆکان ئەنجام بدرێن، بۆیە لەم ساتەدا وا دادەنێم کە هیچ کەسێک خەریکی یاری کردن و پلانگێڕی و کات کوشتن نییە.”
ئەو ڕۆژنامەنە باسی لەوەش کردووە، ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئیسلامئاباد گەیشتوونەتە لووتکە. نێوەندگیریی پاکستان و فشارە سەربازی و ئابوورییەکانی ئەمریکا، تارانیان بەرەو مێزی گفتوگۆ بردووە. شارەزایان پێیان وایە کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ترەمپ و سەرکردەکانی ئێران دەبێتە گەورەترین ڕووداوی سیاسیی ساڵ و کۆتایی بە قەیرانێکی وێرانکەری ناوچەکە دەهێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە تەنیا یەک داواکاریی نەگۆڕی هەیە و گوتی: “دەبێت دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بن، بابەتەکە زۆر سادەیە، نابێت هیچ چەکێکی ئەتۆمی لە ئارادا بێت.” ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر ئێران ئەم مەرجە جێبەجێ بکات، دەبێتە “وڵاتێکی ناوازە”، بەڵام بێدەنگیی هەڵبژارد لەبارەی ئەوەی چی ڕوودەدات ئەگەر تاران مەرجەکان ڕەت بکاتەوە، تەنیا گوتی: “دەتوانن وێنای بکەن، دیمەنەکە جوان نابێت.”










