ئێرانجیهان

رێککەوتنی ئەم جارەمان لەگەڵ ئێران زۆر باشتر دەبێت لە هی 2015

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا رایگەیاند، ڕێککەوتنە نوێیەکەی ئیدارەکەی، ئاسایش بۆ ئەمریکا، ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەرەنتی دەکات. ترەمپ بەڵێن دەدات کە ئەمجارە نەک تەنیا ڕێگری لە چەکی ئەتۆمی دەکات، بەڵکو کۆتایی بەو “شەرمەزارییە مێژووییە” دەهێنێت کە پێشتر لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاراندا هەبووە؛ گوتیشی: رێککەوتنی ئەم جارەمان لەگەڵ ئێران زۆر باشتر دەبێت لە هی 2015

دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا بە توندی رەخنەی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 (JCPOA) گرت و رایگەیاند ئەو رێککەوتنەی ئێستا ئیدارەکەی لەگەڵ تاران کاری لەسەر دەکات، ئاشتی و ئاسایش بۆ تەواوی جیهان دەگەڕێنێتەوە.

ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس” نووسیویەتی: “ئەو رێککەوتنەی ئێمە ئێستا لەگەڵ ئێران دەیکەین زۆر لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی باراک ئۆباما و جۆ بایدن باشتر دەبێت.” ناوبراو رێککەوتنەکەی پێشووی بە “یەکێک لە خراپترین و شەرمەزارترین رێککەوتنەکان لە مێژووی ئەمریکادا” وەسف کرد.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد, رێککەوتنەکەی پێشوو رێگەیەکی گەرەنتی کراو بوو بۆ ئەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ترەمپ گوتی: “ئەگەر من کۆتاییم بەو رێککەوتنە نەهێنایە، ئێستا چەکی ئەتۆمی دژی ئیسرائیل، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنرا.” جەختیشی کردەوە کە لەژێر رێککەوتنە نوێیەکەدا، ئێران هەرگیز ناتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

ترەمپ جارێکی تر باسی لە ناردنی 1.7 ملیار دۆلار پارەی نەختینە کرد بۆ ئێران لە سەردەمی باراک ئۆباما و گوتی: “ئەوان پارەکەیان لە فڕۆکەیەکی بۆینگ 757دا بارکرد و بۆ تارانیان نارد تا سەرکردەکانی ئێران بە کەیفی خۆیان خەرجی بکەن. ئەوان بانکەکانی واشنتن و ماریلاندیان بۆ ئەو مەبەستە بەتاڵ کرد.”

سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند کە رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە گەرەنتی ئاسایش دەکات نەک تەنیا بۆ ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو بۆ ئەوروپا و ئەمریکاش. ترەمپ گوتی: “ئەمە دەبێتە شتێک کە تەواوی جیهان شانازی پێوە دەکات، لەبری ئەو ساڵانەی کە بەهۆی سەرکردایەتییە بێتوانا و ترسنۆکەکانەوە تووشی سووکایەتی و شەرمەزاری ببووین.”

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ هێرشی کردە سەر میدیاکانی ئەمریکا و بە “هەواڵی ساختە” ناوی بردن، بەتایبەتی رەخنەی لە دەیڤد ئیگناسیۆس، رۆژنامەنووسی “واشنتن پۆست” گرت بەهۆی پشتگیریکردنی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015.

سەرچاوە

Related Posts