وێڕای نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی کاتی، تاران سوورە لەسەر ئەوەی شاند بۆ دانوستانی نوێ لەگەڵ واشنتۆن نەنێرێتە ئیسلام ئاباد، هاوکات بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە بەردەوامن لە هەڕەشە و هەڵوێستی توند دژ بە ئەمریکا و دووپاتی دەکەنەوە ملیان بۆ هیچ فشارێک ناچێت.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، گەڕێکی نوێی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان بەڕێوە بچێت.
لە کاتێکدا سبەی ئاگربەستەکە کۆتایی دێت، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەک سەرۆکی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێکەوتووە، بەڵام هەڵوێستی تاران تاوەکوو ئێستا نەگەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان، ئەمەش لەلایەن مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان و عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی فەرماندەیی قەرارگای ناوەندیی خەتەمولئەنبیا پشتڕاست کراوەتەوە.
قالیباف: بۆ پیشاندانی کارتی نوێ لە مەیدانی جەنگ ئامادەین
محەممەدباقر قالیباف لە تازەترین هەڵوێستدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە دا، ترەمپ دەیەوێت مێزی دانوستانەکان بکاتە مێزی خۆبەدەستەوەدانی ئێران، بۆیە گەمارۆ دەسەپێنێت و ئاگربەستیش پێشێل دەکات بۆ ئەوەی پاساوێکی بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دەست بکەوێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، “لەژێر کاریگەریی هەڕەشەدا دانوستان قبووڵ ناکەین و لە دوو هەفتەی رابردوودا بۆ دەرخستنی کارتی نوێ لە بەرەکانی شەڕدا خۆمان ئامادە کردووە.”
عەلی نیکزاد: لەو کەسانە نین سەرانە بدەین
هەروەها عەلی نیکزاد بە ئاژانسی “ئیرنا”ـی راگەیاند، ئەگەر دانوستانەکان لەسەر بنەمای دیپلۆماسی بن، مانای ئەوەیە بە شکۆمەندییەوە بەدواداچوون بۆ مافە نەتەوەییەکانمان کراوە.
دەشڵێت، “پێویستە دوژمن بزانێت، ئێمە لەو کەسانە نین سەرانە بدەین، ئەگەر تێڕوانینێکی وایان بۆ دانوستانەکان هەیە، پێویستە لە ئێستاوە بزانن شکست دەهێنن.”
رەزا ئەمیری موقەدەم: خۆزگە ئەمریکا درکی پێ دەکرد
لەلایەکی دیکەوە رەزا ئەمیری موقەدەم لە “ئێکس” نووسیویەتی، “راستییەکی ئاشکرایە و بۆ هەموو لایەک روونە وڵاتێک خاوەنی شارستانییەتێکی گەورە بێت، لەژێر هەڕەشە و زەبری هێزدا دانوستان ناکات.”
هەروەها نووسیویەتی، “ئەمە بنەمایەکی ریشەیی ئایینی و ئیسلامییە، بەڵام خۆزگە ئەمریکا درکی پێ دەکرد.”
قەرارگای خەتەمولئەنبیا: ئامادەین وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دوژمن بدەینەوە
لەلایەنی سەربازییەوە، عەلی عەبدوڵڵاهی دەڵێت، “ئامادەین وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دوژمن بدەینەوە.”
فەرماندەی فەرماندەیی بارەگای “خەتەمولئەنبیا” راگەیاند، ئێستا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی ئاگربەستەوە لە بێدەنگیدان، بەڵام هیچ دەرفەتێک بە ئەمریکا نادەن بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی ئاگربەست نەبێت، بێگومان وەڵامی گونجاو و یەکلاکەرەوەیان بۆ هەر پێشێلکارییەک دەبێت.
پێشتریش مەسعود پزیشکیان هەر لەبارەی نزیکبوونەوەی گەڕی نوێی دانوستانەکان، لە “ئێکس” پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، “ئەو بێمتمانەییە قووڵ و مێژووییەی ئێران بەرانبەر ئەمریکا هەیەتی، پەیوەستە بە مێژووی رەفتارەکانی ئەو وڵاتە، چونکە لەم رۆژانەی دواییدا رەفتارە پێچەوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا هەڵگری پەیامێکی تاڵ بوون، ئەوان دەیانەوێت ئێران خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام گەلی ئێران لەژێر هیچ فشارێک خۆ بەدەستەوە نادات.”
هەڵگیرسانی جەنگەکە و ئاگربەست
لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ساڵی 2026، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار و شەڕ و پێکدادانی راستەوخۆی لێ کەوتەوە. خاڵی سەرەکیی ململانێکان گەرووی هورمز بوو، کاتێک ئێران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دا و لە بەرانبەردا هێزی دەریایی ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران.
بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان، لە 8ـی نیسانی 2026 هەردوو وڵات گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی دوو هەفتە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە لە کاتی ئاگربەستەکەدا، تاران متمانەی بە گفتوگۆکان نەماوە.
هەرچەندە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدات لەرێگەی گفتوگۆکانی ئیسلامئابادەوە رێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی ناوچەکە واژۆ بکات، بەڵام بەرپرسانی ئێران پێداگرن لەسەر ئەوەی بەبێ هەڵگرتنی گەمارۆکان و لەژێر هەڕەشەدا ناچنە ژێر باری هیچ رێککەوتنێک.










