ئێرانجیهان

جێگری سەرۆککۆماری ئێران: زیاتر لە دوو هەزار یەکەی…


جێگری سەرۆککۆماری ئیران بۆ کاروباری زانستی دەڵێت، زیاتر لە دوو هەزار یەکەی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی بە هۆی جەنگەوە زیانیان پێگەشتووە و 480 یەکە بە تەواوی رووخاون.

 

رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026، حوسێن ئەفشین، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری زانستی رایگەیاند: “بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، بە هۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان  دوو هەزار  680 یەکەی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی زیانیان پێگەشتووە.”

 

حوسێن ئەفشین گوتی: “لەو ژمارەیە 480 یەکەی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی بە تەواوی رووخاون.”

 

بە گوتەی حوسێن ئەفشین، “بەشێکی بەرچاو لەو یەکانەی زیانیان بەرکەوتووە کۆمپانیاکانی زانیاری و تەکنەلۆژیان کە لە بوارە ستراتیژییەکانی وەک ئەلیکترۆنی، پۆلیمر، پیشەسازی پلاستیک، ئامێرەکانی رووناکی و هەندێک ناوچەی پیشەسازی پێشکەوتوودا کاردەکەن و رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە زنجیرەی دابینکردنی پیشەسازی وڵاتدا”.

 

حوسێن ئەفشین ئاماژەی بەوەشکرد،” گەڕانەوەی خێرای ئەم یەکانە بۆ بەرهەمهێنان کارێکی جددی و لە پێشینەی بۆ ئێمە و دوای تەواوبوونی خەمڵاندنی زیانەکان، پرۆسەی نۆژەنکردنەوە بە خێرایی دەستپێدەکات.”

 

جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا-ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئێران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە.

 

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8ـی نیسان واشنتن و تاران بە فەرمی رەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی 14 رۆژی نیشاندا.

 

رۆژی 11ی نیسانی 2026، دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستیانپێکرد، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن.

 

دوێنێ سێشەممە ترەمپ رایگەیاند، ئاگربەستی ئێستا [لەگەڵ ئێران] درێژ دەکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەی سەرکردایەتییە دابەشبووەکەی ئێران دەگەنە “پێشنیازێکی یەکگرتوو.”

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست (New York Post) رایگەیاند، رەنگە تاوەکو رۆژی هەینی [24-04-2026] هەواڵی خۆش لەبارەی گەڕی نوێی دانوستاندنەکانەوە ببیستین.

 

سەرچاوەکان لە ئیسلامئابادیش ئاماژە بەوە دەکەن، لە 36 بۆ 72 کاژێری داهاتوودا ئەگەری دروستبوونی “وەرچەرخانێک” لە دانوستاندنەکان دا هەیە.





سەرچاوە

Related Posts