ئێرانجیهان

سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتە ناوچەکە

رۆژنامەی واشنتن پۆست رایگەیاند، سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتووەتە ئاوەکانی نزیک لە ئێران، ئەمەش توانای سەربازیی واشنتنی بۆ گوشارخستنە سەر تاران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.

هەینی 24ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتەکەی واشنتن پۆست، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا(سێنتکۆم) گەیشتنی گرووپی هێرشبەری یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوشی بۆ ناوچەکە پشتڕاستکردووەتەوە. ئەم کەشتییە کە هەزاران سەرباز و دەیان فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی هەڵگرتووە، دەبێتە سێیەم فڕۆکەهەڵگر لە ناوچەکەدا لە پاڵ کەشتییەکانی جێراڵد فۆرد و ئەبراهام لینکۆڵن، ئەمەش پەیامێکی روونی واشنتنە بۆ تاران تا مل بدات بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کردنەوەی گەرووی هورمز.

ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس” هەوڵیدا ئەو دەنگۆیانە بڕوێنێتەوە کە گوایە بێزار بووە لە درێژخایەنبوونی جەنگەکە. ئەو نووسیویەتی: “بۆ ئەو کەسانەی وا دەزانن من پەرۆشم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، دەبێت بزانن من کەمترین گوشارم لەسەرە و هەموو کاتی جیهانم لەبەردەستە، بەڵام ئێران نییەتی؛ کات خەریکە کۆتایی دێت.

واشنتن پۆست ئاشکرای کردووە، ئامانجی سەرەکیی ئەم کەشتییە جەنگییانە جێبەجێکردنی گەمارۆیەکی دەریایی بێ کون و کەلێنە بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران. سێنتکۆم رایگەیاندووە، تا ئێستا رێگرییان لە 33 کەشتیی بازرگانی کردووە کە ویستوویانە سووتەمەنی و کاڵا بۆ ئێران بگوازنەوە. ترەمپ ئەم گەمارۆیەی بە هەنگاوێکی بەهێز ناوبردووە و رایگەیاندووە کە تەنیا کاتێک رێککەوتن دەکەن کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا بێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، هێزەکانیان ماوەی ئاگربەستەکەیان قۆستووەتەوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان و جێگیرکردنەوەی فڕۆکە و کەشتییەکانیان. ئەو بەرپرسە دەڵێت: سوپا تەواو ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گورزە سەربازییەکان ئەگەر فەرمانی سەرۆک دەربچێت.

چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا زیاتر لە 4000 سەربازی تری مارێنز بگەنە ناوچەکە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە ئەگەر دانوستانەکان بە بنبەست بگەن.

سەرچاوە

Related Posts