هەینی 24ـی نیسانی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بلاوکراونەتەوە کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپیندراوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری ولاتانی ترەوە مەشقیان پێکراوە.
لەم چوارچیوەیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵویستی ڕوون و نەگۆڕی خۆی بۆ ڕای گشتی لە ناوەوە و دەرەوە بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو:
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و ڕاهێنانی دەزگای هەواڵگری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نیە. بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە ڕاستیەوە.
هەروەها، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتووگۆ و بەشداریەکی بەرپرسیارانە هەیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە ڕەفتارە ناسەقامگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە هەرێمی کوردستان بە بەردەوام هەوڵی بۆ پاراستنی ئەوسەقامگیریە داوە.
چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پابەندبوون وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و بێلایەن و پێکەوەژیان لە عیراق و ناوچەکە. بە ڕێزگرتن لە دەستووری عیراقی فیدراڵ و پرنسیپی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.
لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ دەکات کە بەرپرسیارەتی دەستووری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی عیراق و ڕێگری کردن لەو پێشێلکاریانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزیەکان و ڕێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی هاووڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
خەلکی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاشتی و کەرامەت و مافە دەستووریەکاندا، دەیان ساڵە بەرگەی ئازار و ململانێ و قوربانیدانی گرتووە، هەر بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پابەند بوونی بە حکومرانی بەرپرسیارانە و پاراستنی هاووڵاتییانی خۆی و پەرەپیدانی پەیوەندی بنیادنەر و ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەولەتیەکان.










