سەرەڕای چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان، وەزیری دەرەوەی ئێران، پاکستانی جێهێشت و بەرەو وڵاتانی عومان و رووسیا بەڕێکەوت؛ هاوکات تاوەکوو ئێستا شاندی ئەمریکاش بۆ ئیسلامئاباد بەرێ نەکەوتوون.
شەممە 25ـی نیسانی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی بڵاوی کردووەتەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان، ئەو وڵاتەی بەجێ هێشت و چاوەڕیی شاندی ئەمریکا نەکات.هەروەها ئاماژەیشی داوە، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران دوای پاکستان سەردانی هەریەکە لە رووسیا و عومان بکات.
بەپێی زانیارییەکان، جێهێشتنی پاکستان لەلایەن عەباس عێراقچییەوە بە مانای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان نایەت، چونکە ناوبراو بڕیار نەبووە لە پاکستان چاوەڕێی گەیشتنی شاندی ئەمریکی بکات. پلانی پێشوەختەی وەزیری دەرەوەی ئێران وابووە کە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی عومان و رووسیا بەردەوام بێت و ئەگەری هەیە لەم هەفتەیە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ پاکستان بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا.
هەروەها سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کۆشنەر ئەندامانی تیمی دانوستانکاری ئەمریکا تا ئێستا لە شاری میامی لە ویلایەتی فلۆریدا ماونەتەوە و گەشتیان نەکردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە لەم قۆناغەدا هیچ جۆرە بەرەوپێشچوونێکی خێرا لە مەلەفی دانوستانەکاندا لە ئارادا نییە.
هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی لەبارەی سەردانەکەی عێراقچی بۆ وڵاتەکەی بڵاو کردووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان نووسیویەتی: بە دیداری وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندەکەی لە ئیسلامئاباد زۆر خۆشحاڵ بووم، بیروڕامان لەبارەیی نوێترین پێشهاتەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد.
شەهباز شەریف باسی لەوەش کردووە، گفتوگۆیان لە بارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بەرژەوەندە هاوبەشەکانی تاران و ئیسلامئاباد کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ عەباس عێراقچی، بە سەردانێکی فەرمی گەشتە ئیسلامئاباد، هەروەها رۆژی هەینی، 24ـی نیسانی 2026، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: گەشتەکەم هەر یەکە لە؛ شارەکانی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەی عوممان و مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەگرێتەوە.










