زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئێران لە راگەیێنراوێکی هاوبەشدا، پشتیوانیی خۆیان بۆ محەممەدباقر قالیباف و شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکەیان دەربڕی و دەڵێن، متمانەی تەواویان بەو شاندە هەیە بۆ داکۆکیکردن لە مافە نیشتمانییەکانی ئێران.
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە و 261 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر کردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار کراون کە هەوڵدەدەن درز و دووبەرەکی لە نێوان خەڵک و بەرپرسانی ئێراندا دروست بکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “ئێستا کە بە دیاریکراوی لە قۆناخی بێدەنگیی گۆڕەپانی جەنگی سەربازیداین و خولێکی دانوستاندن لەگەڵ دوژمن بەڕێوەچووە، ئەمریکا و رژێمی زایۆنی هەوڵ دەدەن لێکدانەوەی هەڵە لای خەڵک دروست بکەن و بێمتمانەیی بەرامبەر بە بەرپرسان و شاندی دانوستاندنکار بڵاو بکەنەوە.”
پەرلەمانتارانی ئێران بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتگیریی خۆیان بۆ محەممەدباقر قالیباف، وەک بەرپرسی باڵای شاندی دانوستاندنکار راگەیاندووە و دەڵێن: “ئێمە وەک نوێنەرانی گەلی ئێران، متمانەی تەواومان بەم شاندە و محەممەدباقر قالیباف هەیە، کە هەنگاویان ناوەتە ناو گۆڕەپانێکی نوێی خەبات دژی دوژمن.”
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا، پەرلەمانتارانی ئێران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بڕوایەکی چەسپاویان” بە پێداگریی شاندەکە هەیە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و دابینکردنی مافە یاساییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرۆسەی دنوستاندنەکاندا.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە خوولی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا کە رۆژی 12ی نیسانی 2026 بە نێوەندگێری پاکستان لە ئیسلامئاباد بەڕێوەچوو، سەرۆکایەتیی شاندی ئێرانی کرد.
چاوەڕوان دەکرا هەفتەی رابردوو گەڕی دووەمی دانوستاندن لەنێوان شاندی ئێرانی و ئەمریکی لە پاکستان بەڕێوەبچێت، بەڵام شاندی هەردوو لایەن ئامادە نەبوون.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش ترەمپ، سەردانی شاندی وڵاتەکەی بۆ پاکستان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، ئەگەر ئێرانییەکان دەیانەوێ دانوستاندن و رێککەوتن بکەن، دەتوانن تەلەفۆنی بۆ بکەن.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار ئاماژەی بە بوونی ناکۆکی و “پاشاگەردانی” لە نێوان بەرپرسانی ئێرانی کردبوو و رایگەیاندبوو، بەرپرسانی ئێران لە ناوخۆدا پەرتەوازەن و لە دۆخێکی “شێواو”دا بڕیار دەدەن. هەر لەبەر ئەوەش، ترەمپ رۆژی سێشەممە، 21ی نیسان بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئاگربەستی لەگەڵ ئێران درێژکردەوە.










