دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ پوتن “زۆر باش” بووە و گوتی: “من پێشنیازی ئاگربەستێکی کاتیم لە ئۆکرانیا کردووە.” ئاماژەی بەوە کرد، پوتن ئامادەیی نیشانداوە هاوکاریی ئەمریکا بکات لە پرسی ئێراندا بەتایبەت لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام ترەمپ دەڵێت: “پێم باشترە پوتن هاوکارمان بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، چونکە لای من ئەوە زۆر گرنگترە.”
لەبارەی دۆخی ناوخۆی ئێرانەوە، ترەمپ جەختی کردەوە کە “ئابووریی ئێران لە دۆخی داڕماندایە و دراوەکەیان تەواو بێ بەها بووە.” هەروەها زانیارییەکی هەواڵگریی خستە ڕوو و گوتی: “ئێران ئێستا تەنیا خاوەنی ڕێژەیەکی زۆر کەمی دامەزراوەکانی دروستکردنی مووشەکە،” ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زۆربەی ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە لە هێرشەکاندا تێکشکێندراون.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە لەگەڵ پوتن هاوڕان لەسەر ئەوەی کە “نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی”. سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە ئەگەر تاران بییەوێت گفتوگۆ بکات، دەتوانێت پەیوەندی بە واشنتنەوە بکات، بەڵام جەختی کردەوە کە ئیدارەکەی بەردەوام دەبێت لە فشارەکان تا دەگەیشتن بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە.
نوێ دەکرێتەوە










