جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەوەی مسۆگەرە ئەوەیە کە ئێمە دەست لە تەنگەی هورمز هەڵناگرین و ئەو تەنگەیە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ.
عەلی نیکزاد، کە بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی مەیدانیی تەنگەی هورمز و کەنداو، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەردانی ناوچەکەی کردووە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەکردنی یاسایەکی تایبەتە بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز.
نیکزاد گوتی: “ئەو یاسایەی کە بۆ تەنگەی هورمز بە فەرمانی رێبەری مەزنی شۆڕش پەسەند دەکرێت، تەنیا بۆ ناوخۆی وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە، بەڵکو دەبێت یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەو مافانەی دراوسێکان هەیانە لەبەرچاو بگرین.”
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونیکردەوە: “ئەوەی مسۆگەرە ئەوەیە کە ئێمە دەست لە تەنگەی هورمز هەڵناگرین و تەنگەکە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ.”
بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران، کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە ئەگەری هەیە هەندێک زیانی بۆ ئەو وڵاتە هەبێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم زیانانە لە داهاتوودا بە هەنگاوەکانی دواتر قەرەبوو دەکرێنەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە ئاماژەدان بە داخرانی تەنگەی هومرز و شکستی ئەمریکا بۆ کردنەوەی تەنگەکە سەرەڕای راگەیاندنی چەندبارەی لەلایەن ترەمپەوە، گوتی: “دوژمن دەستەوەستان بوو؛ ئەو تەنگەیەی کە داخرابوو، ترەمپ رایگەیاند کە دەیکاتەوە، بەڵام نەیتوانی ئەو کارە بکات. ئێستاش هاتووە بابەتی گەمارۆدانی خستووەتەڕوو، دڵنیابن ئەمەشیان رووبەڕووی شکست دەبێتەوە.”
سەبارەت بە ئامادەکردنی پرۆژەیاسای تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز، عەلی نیکزاد دەڵێت، بەپێی ئەو یاسایەی کە پەسند دەکرێت، ئەو کەشتیانەی سەر بە ئیسرائیل، ئەمریکا و وڵاتانی نەیارن، مافی تێپەربوونیان لە تەنگەکە نابێت، بەڵام کەشتیی وڵاتانی دیکە بە مۆڵەتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە بەرامبەر پێدانی باج مافی هاتووچۆیان دەبێت.










