وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، ئەو دامەزراوە نەوتیانەی بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەخێرایی نۆژەن دەکرێنەوە.
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند: “بەدرێژایی رۆژانی جەنگ، بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران کەمی نەکرد و رەوتی هەناردەکردنی لە ئاستێکی گونجاودا بەردەوام بوو.”
موحسین پاکنەژاد گوتی: “لەو کاتەدا رووبەڕووی هەندێک کێشە و ئاستەنگ بووینەوە، بەڵام بە دەرکردنی بڕیاری دروست و خێرا توانیمان کۆنترۆڵیان بکەین.”
موحسین پاکنەژاد ئاماژەی بەوەشکرد: “نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە زیانلێکەوتووەکانی پیشەسازیی نەوت خراوەتە بەرنامەی کارەوە و بە خێرایی نۆژەن دەکرێنەوە.”
ئەوە لە کاتێکدایە، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا کە لە 13ـی نیسانەوە کاری پێدەکرێ، کاریگەرییەکی لەسەر کەرتی وزەی ئێران دروستکردووە.
پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026، هەناردەکردنی نەوتی ئێران تاوەکو رادەیەک جێگیر بوو. لە ئاداری 2026دا ئێران نزیکەی 3.2 ملیۆن بەرمیلی لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنا و زیاتر لە 1.8 ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرد.
بەڵام داتاکانی (کێپلەر) دەریدەخەن کە ئاستی کۆگاکردن لە دوورگەی خارکی ئێران بە خێرایی بەرزبووەتەوە، ئەمەش نیشانەی وەستانی بەشی زۆری هەناردەکەیە.










