گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی تاوتوێی ئەو پێشنیازەی ئەمریکا دەکات، کە ئاراستەیان کراوە.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: “تاران پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازی ئاشتی 14 خاڵی ئەمریکا دەکات. دواتر بۆچوونی خۆمان دەدەینە لایەنی پاکستانی.”
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو، واشنتن و تاران زۆر نزیکبوونەتەوە لە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی “یەک لاپەڕەیی” بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان.
نێوەڕۆکی رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە
یاداشتنامە پێشنیازکراوەکە لە 14 خاڵ پێکدێت و لەلایەن ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپەوە دانوستاندنی لەسەر دەکرێت. تەوەرە سەرەکییەکانی بریتین لە:
کۆتاییهێنان بە جەنگ: راگەیاندنی وەستانی شەڕ لە ناوچەکە و دەستپێکردنی دانوستاندنی چڕ بۆ ماوەی 30 رۆژ.
پڕۆگرامی ئەتۆمی: ئێران پابەند دەبێت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن (کە لە نێوان 12 بۆ 15 ساڵدایە). ئەمریکا داوای 20 ساڵ و ئێران داوای 5 ساڵی کردووە.
ئازادکردنی پارە و سزاکان: ئەمریکا ملیاران دۆلاری بلۆککراوی ئێران ئازاد دەکات و بە قۆناخبەندنی سزاکان لادەبات.
تەنگەی هورمز: هەردوولا کۆتوبەندەکانی سەر هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەکە لادەبەن و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا هەڵدەگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوایین هۆشداریی دایە تاران و رایگەیاند، ئەگەر تاران رەزامەندی لەسەر مەرجەکان دەرببڕێت، ئەوا گەمارۆ دەریاییە “یەکجار کاریگەرەکەی” کۆتایی دێت و رێگە دەدرێت تەنگەی هورمز بەڕووی هەموو وڵاتاندا بکرێتەوە، لەنێویاندا ئێران.
لە هەمان کاتدا، ترەمپ هۆشداری دەدات و دەڵێت: “ئەگەر ئێران رێکنەکەون، بۆردوومانەکان دەستپێدەکەنەوە و بەداخەوە ئەمجارەیان بە ئاست و چڕییەکی زۆر زیاتر دەبێت لەوەی پێشتر هەبووە.”










