سەرۆکی ئەمریکا، ریگەیاند هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشێکی توندی ئێرانیان داوەتەوە و زیانی گەورەیان بە هێزەی ئەو وڵاتە گەیاندووە. هاوکات هۆشداریی دا ئەگەر تاران بە خێرایی ڕێککەوتن واژۆ نەکات، ڕووبەڕووی وەڵامێکی زۆر توندتر دەبێتەوە.
هەینی 8ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد کە سێ کەشتیی جەنگیی ئەمریکی بە سەرکەوتوویی لە گەرووی هورمز تێپەڕین، سەرەڕای ئەوەی لە کاتی تێپەڕبوونیاندا ڕووبەڕووی تەقە و هێرشی هێزە ئێرانییەکان بوونەتەوە.
ترەمپ جەختی کردەوە کە هیچ زیانێک بەر سێ کەشتییە ئەمریکییەکە نەکەوتووە، بەڵام “زیانێکی یەکجار گەورە” بەر هێزی ئێرانییەکان کەوتووە. گوتیشی: “بەلەمە بچووکەکانی ئێران بە تەواوی لەناوبران و بە خێرایی و کاراییەکی زۆرەوە نوقمی بنکەی دەریا کران.”
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی زیاتری خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە چەندین مووشەک ئاراستەی کەشتییەکان کراون بەڵام بە ئاسانی بەرپەرچیان دراوەتەوە. سەبارەت بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیش (درۆن)، ترەمپ گوتی: “درۆنەکان لە ئاسماندا تێکشکێندران و زۆر بە جوانی کەوتنە ناو ئۆقیانووسەکەوە، ڕێک وەک پەپولەیەک کە بەرەو گۆڕەکەی بڕوات.”
ترەمپ جارێکی دیکە هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی تاران و گوتی: “وڵاتێکی ئاسایی ڕێگەی دەدا ئەم کەشتییانە تێپەڕ بن، بەڵام ئێران وڵاتێکی ئاسایی نییە و لەلایەن کۆمەڵێک کەسی نا ژیر بەڕێوە دەبرێت.” هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبووایە، بێ دوودڵی بەکاری دەهێنا، بەڵام “هەرگیز ئەو دەرفەتەیان بۆ ناڕەخسێت.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: “ئەگەر بە خێرایی ڕێککەوتنەکە واژۆ نەکەن، لە داهاتوودا زۆر بە توندتر و توندوتیژتر لێتان دەدەین.”










