ئێرانجیهان

ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی نوێی لە گەرووی هومرز ئەنجامداوە

ئاژانسە هەواڵییەکان باس لە بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەی سیریکی ئێران دەکەن، هاوکات سەرچاوە میدیاییەکان رایدەگەیەنن کە سوپای ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی نوێی بۆ سەر ئەو نەوتهەڵگرانە ئەنجامداوە کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆکەیان داوە.

هەینی 8ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی بڵاوی کردەوە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری سیریک بیستراوە لە نزیک کە شارێکی کەناراوییە و دەکەوێتە نێوان گەرووی هورمز و کەنداوی عومان. تاوەکوو ئێستا بەرپرسانی ئێران هۆکاری راستەقینەی تەقینەوەکەیان ئاشکرا نەکردووە و بە نادیار وەسفیان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری “فۆکس نیووز” کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی نوێی لە ناوچەکەدا ئەنجامداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی ئەم هێرشانە چەند نەوتهەڵگرێکی بەتاڵ بووە کە هەوڵیان داوە گەمارۆ دەریاییە چڕەکەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بشکێنن. ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک دووپاتکردنەوەی ئەو هۆشدارییانە دەبینرێت کە پێشتر سەرۆک ترەمپ دابووی بۆ رێگریکردن لە هەر جووڵەیەکی دەریایی تاران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێران بەبێ هۆکار هێرشیان کراوەتەوە سەر، بەڵام بەشێوەیەکی بەرگری لەخۆکردن بەرپەرچی هێرشەکانی ئێرانیان داتەوە.

هەروەها گوتەبێژی فەرماندەیی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردبووەوە، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیک گەرووی هورمز هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێران، بەڵام بە توندی بەرپەرچدراونەتەوە.

هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ریگەیاندبوو، هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشێکی توندی ئێرانیان داوەتەوە و زیانی گەورەیان بە هێزەی ئەو وڵاتە گەیاندووە. هاوکات هۆشداریی دابوو ئەگەر تاران بە خێرایی رێککەوتن واژۆ نەکات، رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر توندتر دەبێتەوە.

سەرچاوە

Related Posts