هێرشەکانی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز بوونەهۆی برینداربوونی 10 دەریاوانی ئێرانی و بێسەروشوێنبوونی پێنج کەسی دیکە، ئەوە بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێکی ئێران کە رۆژی هەینی لە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، هێزەکانی ئێران رۆژی پێنجشەممە بە مووشەک، درۆن و بەلەمی بچووک هێرشیان کردووەتە سەر سێ کەشتیی جەنگیی ئەمریکا، بەڵام هیچ کامیان نەپێکراون. لە بەرامبەردا هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هێرشی “بەرگری لەخۆکردن”دا وەڵامیان داونەتەوە و بنکەکانی نزیک بەندەرەکانی ئێرانیان لە تەنگەی هورمز بۆردوومان کردووە.
ئاژانسی هەواڵی “میهر” لە زاری محەممەد رادمێهر، بەرپرس لە پارێزگای هورمزگانی ئێران بڵاوی کردەوە: “لە ئەنجامی کردە شەڕەنگێزییەکانی شەوی رابردووی ئەمریکییەکان لە ئاوەکانی تەنگەی هورمز و دەریای مەکران (کەنداوی عومان)، کەشتییەکی بارهەڵگر لە نزیک ئاوەکانی میناب پێکرا و گڕی گرت.”










