بەڕێوەبەری گشتیی پرۆتۆکۆڵی رێبەری ئێران رەتیدەکاتەوە رووخساری رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بریندار بووبێت.
مەزاهیر حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتی پرۆتۆکۆڵ لە نووسینگەی رێبەری ئێران رایگەیاند: “رۆژی هێرشکردنە سەر نووسینگە و ماڵی عەلی خامنەیی لە تاران، موجتەبا خامنەیی لە نووسینگەی رێبەری بوو. کاتێك لە شوێنەکە درا، بەهۆی زنجیرەیەک تەقینەوەوە بریندار بوو؛ ئەژنۆ، پشت و پشت گوێی بریندار بوو.”
بە گوتەی مەزاهیر حوسێنی، “ئێستا دۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی باشە، برینەکانی سارێژ بوون و تەواو سەلامەتە.”
مەزاهیر حوسێنی رایگەیاند: “ئەو دەنگۆیەی کە گوایە رووخساری رێبەر بریندارە، دوورە لە راستییەوە و لە سەریدا تەنیا پشت گوێی بریندار بوو کە ئەویش کاتێک عەمامە دادەنێت، دیار نابێت.”
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، لە دوو مانگی رابردوودا چەندینجار بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل رایانگەیاندووە، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بووە.










