ئێرانجیهان

جەنگی ئێران نرخی بەنزین بە بەرزی دەهێڵێتەوە

وەزیری وزەی ئەمریکا، رایگەیاند, تا ئەو کاتەی جەنگ لەگەڵ ئێران و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بن، نرخی سووتەمەنی بە بەرزی دەمێنێتەوە؛ ئاشکراشی کرد بەهۆی نادیاریی بارودۆخەکەوە، چیتر ناتوانێت پێشبینی بۆ کاتی دابەزینی نرخەکان بکات.

کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ بەرنامەی “Meet the Press”ی کەناڵی NBC، دانی بەوەدا نا کە جەنگی ئێران کاریگەریی گەورەی لەسەر گیرفانی هاووڵاتییانی ئەمریکی هەبووە.

بەپێی ئامارەکانی فیدراسیۆنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی (AAA)، تێکڕای نرخی گالۆنێک بەنزین گەیشتووەتە 4.55 دۆلار، هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە سەروو 95 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.

وەزیری وزە گوتی: “ئێمە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت و گازین لە جیهاندا، نرخی گازی سروشتی جێگیرە و بەرزنەبووەتەوە، کە ئەمە بۆ کارەبا و گەرمکەرەوەی ماڵان گرنگە. بەڵام نرخی بەنزین و دیزڵ بە بەرزی دەمێننەوە تا ئەو کاتەی ئەم جەنگە کۆتایی دێت.”

کریس رایت جەختی لەسەر ستراتیژیی ئیدارەی ترەمپ کردەوە و گوتی: “کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاستەنگێکی سەختە. ئایا ئەمە زیانی کورتخایەنی بۆ ئابووری هەیە؟ بێگومان، بەڵام ئێمە دەبێت ئەم باجە بدەین، ئەگەر نا رووبەڕووی هەڕەشەی درێژخایەن دەبینەوە بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە و دابینکردنی وزە و ژیانی ئەمریکییەکان.”

ئەم لێدوانە نوێیانەی وەزیری وزە وەک پاشەکشەیەک دەبینرێت لە قسەکانی پێشووی. لە مانگی ئازاردا، رایت پێشبینی کردبوو کە پێش دەستپێکردنی وەرزی گەشتوگوزاری هاوین، نرخی بەنزین بۆ خوار 3 دۆلار دابەزێت، بەڵام گوتی: “ئێستا ناتوانم هیچ پێشبینییەک بۆ نرخی نەوت یان بەنزین بکەم.”

وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە تاکە رێگە بۆ دابەزینی نرخەکان، گەڕانەوەی هاتوچۆی ئازادە بۆ گەرووی هورمز. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا ئیدارەی ترەمپ بیر لە هەموو بژاردەکان دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر هاووڵاتییان، لەوانە ئەگەری کەمکردنەوە یان لادانی “باجی فیدراڵی لەسەر بەنزین”.

سەرچاوە

Related Posts