ئێرانجیهان

ئێران ئامادەیە یۆرانیۆمی پیتێنراو بنێرێتە وڵاتی سێیەم

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرای کرد، کە وەڵامە فەرمییەکەی تاران بۆ پێشنیازەکەی واشنتن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئیدارەی ترەمپدا نییە، بەتایبەت لە دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆم و چارەنووسی بنکە ئەتۆمییەکان.

یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئێران بە فەرمی وەڵامێکی چەند لاپەڕەیی بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی جەنگ ناردووە، بەڵام ناوەڕۆکی وەڵامەکە مەرجە سەرەکییەکانی واشنتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە و کۆگای یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی تێدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، تاران پێشنیازی کردووە کە تەنیا “بەشێک” لە یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکەی ڕوون بکاتەوە (تایبەتمەندییەکەی دابەزێنێت)، و بەشەکەی تری بنێرێت بۆ وڵاتی سێیەم نەک ئەمریکا. هەروەها ئێران داوای گەرەنتی دەکات کە ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، دەبێت ئەو یۆرانیۆمەی نێردراوەتە دەرەوە بۆی بگەڕێندرێتەوە.

ئێران لە وەڵامەکەیدا ئامادەیی نیشانداوە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی کاتی ڕابگرێت، بەڵام بەو مەرجەی ماوەکەی لە 20 ساڵ کەمتر بێت، کە ئەمەش بە پێچەوانەی داواکارییەکەی ئەمریکایە کە داوای ماوەیەکی زۆر درێژخایەنتر یان ڕاگرتنی هەمیشەیی دەکات. لە هەمان کاتدا، تاران بە توندی هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕەت کردووەتەوە.

لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە، ئێران پێشنیازی کردووە کە پێکدادانەکان بوەستێنرێن و گەرووی هورمز بە شێوەیەکی “پلەبەندی” بکرێتەوە، ئەمەش هاوکات بێت لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران.

نوێ دەکرێتەوە

سەرچاوە

Related Posts