بۆ پاراستنی گەرووی هورمز؛ بەریتانیا هێزی ئاسمانی و دەریایی دەنێرێت
بەریتانیا رایگەیاند، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، بەشداری لە ئەرکێکی بەرگریی نێودەوڵەتیدا دەکات. ئەم بڕیارە لە میانی لووتکەیەکی ئۆنلایندا لەلایەن جۆن هیڵی، وەزیری بەرگریی بەریتانیاوە، لەگەڵ 40 وەزیری بەرگریی وڵاتانی دیکە راگەیەندرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هاوکارییەکانی بەریتانیا بریتین لە؛ درۆن بۆ دۆزینەوە و لادانی مینە دەریاییەکان. فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری “تایفون” بۆ ئەنجامدانی گەشتی چاودێری ئاسمانی. کەشتیی جەنگی “دراگۆن” کە تێکشکێنەرێکی بەرگریی ئاسمانییە و ئێستا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتووە.
حکوومەتی بەریتانیا بڕی 115 ملیۆن پاوەند (155.5 ملیۆن دۆلار) وەک بودجەی زیادە بۆ دابینکردنی ئامێرە بێفڕۆکەوانەکانی دۆزینەوەی مین و سیستەمی بەرگری دژی درۆنەکان تەرخان کردووە.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ئەرکە نێودەوڵەتییە بەرگرییانە و سەربەخۆ دەبێت و ئامانج لێی دڵنیاکردنەوەی کەرتی بازرگانی و پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریاییە، دوای ئەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕی ئێران بوونە هۆی کەمبوونەوەی جووڵەی کەشتییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهاندا.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکان و لە بارودۆخی ئاساییدا پێنج یەکی پێداویستی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.










