سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل، کە ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەستپێبکەنەوە، ئەمجارە ئاگری شەڕەکە لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەچێت و دەگاتە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: “ئەگەر دەستدرێژییەکان بۆسەر ئێران دووبارە ببنەوە، ئەو شەڕە ناوچەییەی بەڵێنمان دابوو، ئەمجارە زۆر لە سنووری ناوچەکە تێدەپەڕێ و بە گورزی کەمەرشکێن تێکتان دەشکێنین.”
ئەم هۆشدارییە تووندەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا نەگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی و هەمیشەیی، واشنتن هێرشە سەربازییەکانی بۆسەر ئێران دەستپێدەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “دووژمنی ئەمریکی-زایۆنی دەبێت ئەوە بزانێت، سەرەڕای ئەو هێرشانەی بە هەموو توانای دوو گرانبەهاترین سوپای جیهانەوە کرایە سەرمان، ئێمە هێشتا تەواوی هێزی شۆڕشی ئیسلامیمان بەکارنەهێناوە.”
گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە کاتێکدایە کە هەردوولا سەرقاڵی ئاڵوگۆڕکردنی پێشنیازن بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە لە 28ـی شوباتی رابردوو دەستیپێکرد، هەرچەندە لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەست لە نێوانیاندا راگەیێندراوە.










