ئێرانجیهان

سوپای پاسداران: 31 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا…


هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 31 کەشتیی جۆراوجۆر، لەوانە نەوتهەڵگر، کەشتیی بارهەڵگر و کەشتیی بازرگانی، بە هاوئاهەنگی و دابینکردنی ئەمنیەت لەلایەن هێزەکانی ئەوانەوە، بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.

 

هێزی دەریایی سوپای پاسداران، لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی سوپای ئەمریکای بە دروستکردنی نائارامیی بێپێشینە لە تەواوی کەنداوی فارس و بەتایبەتی تەنگەی هورمز تۆمەتبار دەکەن، بەڵام هێزەکانی سوپا هەوڵیان داوە رێگەیەکی دیاریکراو و سەلامەت بۆ بەردەوامیی بازرگانیی جیهانی دابین بکەن.

 

بەرپرسێکی هێزی دەریایی سوپا لەمبارەیەوە  گوتی: “ئێمە هەوڵمان داوە رێڕۆی بازرگانیی نێودەوڵەتی بپارێزین و چی دیکە رێگە نادەین هیچ لایەنێک ئەمنیەتی ناوچەکە تێکبدات.”

 

لە 28ی شوباتی 2026 و سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و تەنیا رێگە بە کەشتی و نەوتهەڵگرەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی دەدات بە تەنگەکەدا تێپەر ببن. تاران بۆ تێپەربوونی کەشتییەکانی دیکە، مەرجی وەرگرتنی باجی سەپاندووە و دەڵێت، هیچ کەشتییەک بە بێ مۆڵەتی ئەوان مافی ئەوەی نییە بە تەنگەکەدا تێپەربێت. 

 

لە بەرامبەر ئەوەدا لە 13ی نیسانی 2026ـەوە ئەمریکا گەماڕۆیەکی تووندی بەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە.





سەرچاوە

Related Posts