رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لە یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوان واشنتن و تاراندا مەرجێکی سەرەکی دانراوە، ئەویش پابەندکردنی ئێرانە بە دەستبەرداربوون لە تەواوی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی بەرز.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە: “یاداشتنامەکە پابەندییەکی توند دەخاتە سەر ئێرانییەکان کە نابێت چەکی ئەتۆمی و پۆدەری ئەتۆمییان هەبێت، بەتایبەتیش ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە ئاستی پیتاندنەکەی زۆر بەرزە.”
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، بڕیارە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، ماوەی دوو مانگ بدرێت بە هەردوولا بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر میکانیزمە وردەکانی جێبەجێکردنی ئەم مەرجە بکەن.
سەبارەت بە داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران، سەرچاوەیەک بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئەمریکا هیچ نیازێکی نییە بۆ ئازادکردنی ئەو پارانەی ئێران، تا ئەو کاتەی تاران بە کردەیی دەستبەرداری کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەبێت.
پێشتر کەناڵی “فۆکس نیوز” ئاماژەی بەوە کردبوو رێککەوتنی چوارچێوەی نێوان ئەمریکا و ئێران 95%ـی تەواو بووە، بەڵام هێشتا گفتوگۆکان لەسەر دوو خاڵی سەرەکی ماون، ئەوانیش “پرسی گەرووی هورمز و کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێران”ن.










