دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە واشنتن و تاران لەسەر چەندین خاڵی سەرەکی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و هەردوولا خوازیاری کۆتاییهێنانن بە ململانێکان. ترەمپ ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی ئێران خۆیان پەیوەندییان پێوە کردووە و پێشبینی دەکات هەر ئەمڕۆ گفتوگۆی تەلەفۆنیی نوێ لەنێوان هەر دوو لادا ئەنجام بدرێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەکەی لەگەڵ کەسایەتییەکی باڵا و خاوەن ڕێزی ئێرانی قسەی کردووە، بەڵام ناوی کەسەکەی ئاشکرا نەکرد. ترەمپ گوتی: “ئێمە دەمانەوێت ئاشتی ببینین و بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بە تەواوی لە ناو ببەین، ئەگەر ئەوان بەرەو پێشەوە بچن، ئەم ململانێیە کۆتایی دێت.” هەروەها جەختی کردەوە کە ئەو ئەنجامانەی تا ئێستا لە گفتوگۆکاندا بەدەستیان هێناوە، دەبێتە جێگەی ڕەزامەندیی تەواوی ئیسرائیل.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئێران زۆر بە پەرۆشە بۆ ڕێککەوتن و گوتی: “ئەوان پەیوەندییان کرد، نەک من.” سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، کوڕی ڕێبەری پێشووی ئێران، ترەمپ ڕایگەیاند: “من نامەوێت ئەو بکوژرێت، بەڵام لە ڕاستیدا نازانم هێشتا لە ژیاندا ماوە یان نا.”
سەرەڕای دەربڕینی گەشبینی، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا ناتوانێت گەرەنتیی سەد لە سەدی گەیشتن بە ڕێککەوتن بکات، بەڵام هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆببێتەوە.
نوێ دەکرێتەوە










