ئێرانجیهان

ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەست

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیەنێت، ئیسرائیل ئاگربەستی پێشێل کردووە و هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییان، جەختیش دەکاتەوە بەتەواوی ئامادەی جەنگن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دابەش بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، مەحموود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاگربەستەوە چەندین پێشێلکاری لەلایەن ئیسرائیلەوە کراون.

قەماتی ئاماژەی بەوە کرد، پێشێلکارییەکان هێرشی درۆن، فڕۆکەی جەنگی، بۆردومانکردنی ناوچەکان و تەقاندنەوەی خانووەکان دەگرێتەوە، تەنانەت هاووڵاتییانی سڤیلیش کراونەتە ئامانج و کوژراون.

سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵا روونیشی کردەوە، بەردەوام ئامادەن، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە، هاوکات مووشەک و سەرجەم تواناکانیان ئامادەن بۆ هەر پێشهاتێک.

لە بارەی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، مەحموود قەماتی ئەوەشی خستە روو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابەش بووە، دەبینرێت ئیسرائیل و ئەمریکا لە یەک بەرەدان، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش دژی هێرشەکانن و دەیانەوێت جەنگ رابگیرێت.

 

ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حکوومەتی لوبنان

رۆژی هەینی، 20ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەستێکی بۆ ماوەی 10 رۆژ لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا راگەیاند. ئامانج لەم هەنگاوەی ترەمپ وەستاندنی کاتیی گرژییەکان و رەخساندنی دەرفەتێک بوو بۆ دانوستانی دیپلۆماسی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە لێقەوماوان.

راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، چەند رۆژێک دوای کۆبوونەوەی باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل دێت لە واشنتن؛ ئەوەش یەکەم کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بوو لە دوای چەندین دەیە، چونکە لە رووی یاساییەوە لە ساڵی 1948ـەوە ئەو دوو وڵاتە لە باری جەنگدان.

 

بەشداریی حزبوڵڵای لوبنانی لە جەنگی ئێران

دوای ئەوەی لە 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئێران و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیان کوشت، حزبوڵڵای لوبنانی لە 2ی ئاداری 2026 بە فەرمی چووە ناو جەنگەکەوە. 

 حزبوڵڵا وەک کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی خامنەیی و بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران، دەستی بە هێرشی چڕ کرد و سەدان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل (بەتایبەت پێگە سەربازییەکانی نزیک حەیفا) کرد.

 تەنها لە مانگی ئاداری 2026دا، حزبوڵڵا و ئێران پێکەوە زیاتر لە 850 هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردە سەر ئیسرائیل. لە هەمان کاتدا حووسییەکانی یەمەنیش رایانگەیاند کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بە هەماهەنگیی راستەوخۆ بووە لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا.

 

کاردانەوەی ئیسرائیل

 بەهۆی ئەم بەشدارییەی حزبوڵڵاوە، سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی چڕی کردە سەر بەیرووت، دۆڵی بیقاع و باشووری لوبنان. پاشان لە 16ی ئاداری 2026، هێزە زەمینییەکانی ئیسرائیل چوونە ناو خاکی باشووری لوبنانەوە و پێکدادانی زەمینیی توند لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵڵا روویدا، کە کوژرانی دەیان سەرباز و چەکداری لێکەوتەوە.

 

کاردانەوەی حکوومەتی لوبنان

 بەشداریکردنی حزبوڵڵا لەم جەنگەدا بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی ناوخۆیی لە لوبنان. حکوومەتی لوبنان بە سەرۆکایەتیی نەواف سەلام، فەرمانی دا بە وەستاندنی سەرجەم چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵا. هەروەها بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان باڵیۆزی نوێی ئێرانی وەک “کەسی نەویستراو” ناساند و بڕیاری دەرکردنی دا لە وڵات، ئەمەش لەلایەن حزبوڵڵاوە سەرکۆنە کرا و بە “هەڵەیەکی نیشتمانی و ستراتیژی” وەسف کرا.

ئەم جەنگە بووەتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی گەورە لە لوبنان؛ زیاتر لە یەک ملیۆن کەس (کە دەکاتە 20٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە) ئاوارەبوون و سەدان مەدەنی و چەکدار گیانیان لەدەستداوە.

 

سەرچاوە

Related Posts