ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24ـی رایگەیاند؛ بەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کراوەتە سەر کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێل و بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پارێزگاری هەولێر، هێرشی یەکەم لە کاتژمێر 7:30ـی بەیانی ئەنجامدراوە. دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام لە کاتژمێر ٨:٤٠ خولەک و لە کاتی سەرقاڵبوونی تیمەکان بە کارەکانیان، جارێکی دیکە لە ڕێگەی درۆنی دووەمەوە هێرش کراوەتەوە سەر هەمان شوێن.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، کە زنجیرە هێرشەکان بەردەوام بوون و لە کاتژمێر 10:20خولەکی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لە شوێنی ئاگرەکەیداوە. بە گشتی 3 درۆن لە کۆگاکەیان داوە و درۆنێکی دیکەش پێش پێکانی ئامانجەکەی، لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای شوێنی ڕووداوەکە، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: “لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی، داواکراوە لە شوێنی ڕووداوەکە دووربکەونەوە، چونکە بەهۆی سێ جار بۆردومانکردن و گەورەیی قەبارەی ئاگرەکەوە، هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوە نەسوتابێت.”
لە کۆتاییدا ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، کە بەهۆی مەترسییەکان و نەبوونی هیچ شتێکی ڕزگارکراو لەناو کۆگاکەدا، لە ئێستادا تیمەکان چاوەڕێ دەکەن ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە.










