ئێرانجیهان

ئەمریکا ناچار بوو مەرجەکانمان قبووڵ بکات

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە لایەن واشنتنەوە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا “ناچار کراوە” پێشنیازە 10 خاڵییەکەی تاران قبووڵ بکات. ئەنجوومەنەکە جەنگی مانگی ڕابردووی بە “شکستێکی مێژوویی، حاشاهەڵنەگر و کەمەرشکێن” بۆ ئەمریکا ناوبرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم جەنگەدا وا تێگەیشتبوون کە دەتوانن بە خێرایی باڵادەستیی تەواوەتیی سەربازی بسەپێنن و تواناکانی درۆن و موشەکی ئێران لەناو ببەن، بەڵام “ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئێرانییەکان و هاوپەیمانەکانیان وانەیەکی مێژوویی فێری دوژمن کرد.” ئەنجوومەنەکە جەختی کردەوە، پلانەکانی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی ئێران، تاڵانکردنی سامانی نەوت و گۆڕینی وڵات بۆ ناوچەیەکی ناسەقامگیر، بە تەواوەتی پوچەڵکراونەتەوە.

تاران بەشێکی ئەو 10 خاڵەی ئاشکرا کرد بریتین لە:
1. پابەندبوونی بنەڕەتیی ئەمریکا بە هێرشنەکردنە سەر ئێران.
2. بەردەوامیی کۆنتڕۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.
3. قبووڵکردنی مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
4. هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سزاکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان.
5. قەرەبووکردنەوەی ماددیی ئێران بۆ ئەو زیانانەی لە جەنگەکەدا پێی گەیشتووە.
6. کشانەوەی تەواوەتیی هێزە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
7. ڕاگرتنی جەنگ لە تەواوی بەرەکان، لەوانەش هێرشەکان دژی “بەرگریی ئیسلامی لە لوبنان”.

ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەو “خەمە قووڵەی” بەهۆی کوژرانی ڕێبەرەکەیانەوە هەیانبووە، بەڵام ئێران توانیویانە تۆڵەی تاوانەکانی ڕابردوو بکەنەوە و وا لە ئەمریکا بکەن “بۆ هەمیشە بیری هێرشکردنە سەر ئێران لە مێشکی دەربهێنێت.”

سەرچاوە

Related Posts