ئێرانجیهان

مەرجەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ


ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، “ئەمریکا تووشی شکستێکی حاشاهەڵنەگر بووەوە و ناچارمان کرد پلانە 10 خاڵییەکەمان قبووڵ بکات”.

 

دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایی نیشتمانیی ئێران: 

 

دوژمن لە جەنگە نادادپەروەرانە، نایاسایی و تاوانکارییەکەی خۆیدا دژی گەلی ئێران، تووشی شکستێکی حاشاهەڵنەگر، مێژوویی و تێکشکێنەر بووە. بە بەرەکەتی خوێنی پاک و پیرۆزی رێبەری شەهیدی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما ئیمام خامنەیی (سڵاوی خوای لێبێت)، هەروەها رێنماییەکانی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی (خوا بیپارێزێت) و جیهاد و ئازایەتیی جەنگاوەرانی ئیسلام لە بەرەکاندا، بەتایبەتی ئامادەبوونی مێژوویی، ماندوونەناسانە و حەماسیی ئێوەی گەلی ئازیز لە گۆڕەپانەکەدا لە یەکەم رۆژەکانی دەستپێکی جەنگەوە، ئێران سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێنا و ئەمریکای تاوانباری ناچار کرد پلانی 10 خاڵییەکەی قبووڵ بکات.

 

لەو پلانەدا، ئەمریکا بە شێوەیەکی بنەڕەتی پابەند بووە بە: هێرش نەکردن، بەردەوامیی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا، قبووڵکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، لادانی هەموو سزاکانی سەرەتایی و دووەمی، کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەنجوومەنی حوکام، پێدانی قەرەبووی زیانەکانی ئێران، کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، لەوانەش دژی بەرگریی ئیسلامی (حیزبوڵڵا)ی پاڵەوانی لوبنان. 

 

ئەم سەرکەوتنە لە تەواوی خەڵکی ئێران پیرۆز دەکەین و جەخت دەکەینەوە کە تاوەکو یەکلاکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەم سەرکەوتنە، پێویستیمان بە خۆڕاگری و ژیریی بەرپرسان و پاراستنی یەکڕیزی و هاوپێوەندیی خەڵکی ئێران هەیە.

 

ئێرانی ئیسلامی لەگەڵ موجاهیدە دلێرەکانی بەرگری لە لوبنان، عێراق، یەمەن و فەلەستینی داگیرکراو، لە 40 رۆژی رابردوودا گورزی وایان لە دوژمن وەشاندووە کە یادەوەریی مێژوویی جیهانی هەرگیز لەیادی ناکات. ئێران و میحوەری بەرگری وەک نوێنەری شەرافەت و مرۆڤایەتی لە بەرامبەر دڕندەترین دوژمنانی مرۆڤدا، دوای جەنگێکی مێژوویی، وانەیەکی لەبیرنەچوویان پێدان و هێز، ئیمکانات، ژێرخان و هەموو سەرمایە سیاسی، ئابووری، تەکنەلۆژی و سەربازییەکانیانیان بەجۆرێک تێکشکاندووە کە ئێستا دوژمن تووشی هەڵوەشانەوە و بێئومێدی بووە و هیچ رێگەیەک جگە لە خۆبەدەستەوەدان لە بەرامبەر ئیرادەی گەلی مەزنی ئێران و میحوەری شەریفی بەرگریدا نابینێتەوە.

 

لە رۆژی یەکەمدا کە دوژمنە تاوانبارەکانی ئێران ئەم جەنگە ستەمکارانەیان دەستپێکرد، وایان وێنا دەکرد کە لە ماوەیەکی کورتدا سەرکەوتوو دەبن لە سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازیی تەواو بەسەر ئێراندا و بە دروستکردنی ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئێران ناچاری خۆبەدەستەوەدان دەکەن. وایان دەزانی ئاگری مووشەک و درۆنەکانی ئێران بە خێرایی دەکوژێتەوە و باوەڕیان نەدەکرد ئێران بتوانێت لەودیو سنوورەکانی خۆی و لەسەر ئاستی تەواوی ناوچەکە، وەڵامێکی ئاوا بەهێزیان بداتەوە. زایۆنیزمی خەبیس، سەرۆککۆماری نەزانی ئەمریکای قایل کردبوو کە ئەم جەنگە کۆتایی بە ئێران دەهێنێت و دەتوانن بە لەناوبردنی ئەم دوایین سەنگەرەی مرۆڤایەتی، لەمەودوا بە ئاسوودەیی هەر تاوانێک بەرامبەر هەر کەسێک بێت ئەنجامی بدەن. خەونی ئەوەیان دەبینی کە ئێرانی ئازیز دابەش بکەن و نەوت و سامانەکەی تاڵان بکەن، لە کۆتاییشدا ئێرانییەکان لە نێوەندی ئاژاوە، ناسەقامگیری و نائەمنیدا بۆ ساڵانێکی درێژ جێبهێڵن.

 

جەنگاوەرە دلێرەکانی ئیسلام و هاوپەیمانە ئازاکانیان لە میحوەری بەرگری، سەرەڕای ئەوەی دڵیان بەهۆی شەهیدبوونی ئیمامەکەیانەوە بریندار و پارچەپارچە بوو، بە پشتبەستن بە خوای گەورە و پەیڕەوکردنی رێبازی سەروەری شەهیدان، بڕیاریاندا بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە وانەیەکی مێژوویی بەم دوژمنانە بدەن و تۆڵەی هەموو تاوانەکانی رابردوویان لێ بکەنەوە، بارودۆخێک بخوڵقێنن کە دوژمن بۆ هەمیشە خەیاڵی دەستدرێژی بۆ سەر ئێرانی ئازیز لەسەری دەربکات و تامی سووکایەتی و سەرشۆڕی لە بەرامبەر گەلی مەزنی ئێراندا بە تەواوەتی بچێژێت.

 

بەو ستراتیژییە و بە پشتبەستن بەو یەکڕیزییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بێوێنەیەی لە وڵاتدا دروستبوو، ئێران و بەرگری یەکێک لە قورسترین جەنگە تێکەڵاوەکانی مێژوویان لەگەڵ ئەمریکا و رژێمی زایۆنی دەستپێکرد و لەم ماوەیەدا گەیشتنە هەموو ئەو ئامانجانەی بۆ ئەم جەنگە داڕێژرابوون. ئێران و بەرگری ئامێری سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا نزیکەی بە تەواوەتی تێکشکاند، گورزی تێکشکێنەر و قووڵیان لەو هەموو ژێرخان و ئیمکاناتانە وەشاند کە دوژمن بەدرێژایی ساڵان بۆ ئەم جەنگە لە ناوچەکەدا دروستی کردبوون، لە رەهەندی ناوچەییدا زیانی گەورەی گیانییان بە سوپای تاوانباری ئەمریکا گەیاند، لەناو خاکە داگیرکراوەکانیشدا گورزی کەمەرشکێنیان لە هێز، ژێرخان و داراییەکانی دوژمن وەشاند و لە هەموو بەرەکاندا گەمارۆیان خستە سەر دوژمن بەجۆرێک کە نەک هەر هیچ کام لە ئامانجە سەرەکییەکانیان نەپێکا، بەڵکو نزیکەی 10 رۆژ دوای دەستپێکردنی جەنگەکە دوژمن درکی بەوە کرد کە بە هیچ شێوەیەک توانای سەرکەوتنی لەم جەنگەدا نابێت، هەر لەبەر ئەوەش بوو کە لە رێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن بە ئێران و داواکاری بۆ راگرتنی شەڕیان دەستپێکرد.

 

 





سەرچاوە

Related Posts