ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا لە پلاتفۆرمی “تروس سۆشیال” گەشبینی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی گشتگیر لە ناوچەکە دەربڕی و رایگەیاند؛ “رۆژێکی گەورە بۆ ئاشتیی جیهانی” لە رێگەیە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە بارودۆخی ئێستا بێزارن و خوازیاری گۆڕانکارین.
راشیگەیاند؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی کارا بەشدار دەبێت لە رێکخستنی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو شتێک بە ئارامی و بەبێ گرفت بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر رەهەندە ئابوورییەکانی ئەم قۆناخە نوێیە کردەوە و گوتی: “ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی دروستبوونی سەرمایەیەکی گەورە و دەرفەت دەدەنە ئێران تا دەست بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە بکاتەوە.” ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا لە رێگەی دابینکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکان و چاودێریکردنی بارودۆخەکە، هاوکار دەبێت لە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ بەراوردی دۆخی ئێستای ئەمریکای کرد لەگەڵ ناوچەکە و رایگەیاند: “زۆر دڵنیام کە ئەمە دەکرێت ببێتە ‘سەردەمی زێڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست’، رێک وەک ئەو گەشەیەی ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەزموونی دەکەین.”










