ماڵپەڕی “واینت”ی ئیسرائیلی، لە زاری سەرچاوە باڵا ئەمنییەکانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو رێککەوتنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران هاتۆتە ئاراوە، راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانیش دەگرێتەوە.
ماڵپەڕە عیبرانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ئاگربەستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، خاکی لوبنانیش دەگرێتەوە؛ ئەمەش بەو مانایەی کە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی رادەگرن و لە بەرامبەردا ئێران گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆدا دەکاتەوە.
پێشتر، دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی دەربڕیبوو لەسەر راگرتنی بۆردومانکردنی ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە و جەختی کردەوە، ئاگربەستەکە بە شێوەیەکی دوولایەنە دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، تاران رۆژی هەینی، 10ـی نیسان، لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەست بە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا دەکات. ئێران ماوەی دوو هەفتەی بۆ تەواوی پرۆسەی دانوستانەکان دیاری کردووە، کە بڕیارە لەو ماوەیەدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست.










