دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند “لایەنی بەرانبەر” (ئێران) پەیوەندییان پێوە کردوون و خوازیارن بە خێرایی بگەینە رێککەوتن، بەڵام هۆشداری دا رێگە نادات تاران جیهان “بڕووتێنێتەوە” یان ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا لەبەردەم کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە “ئەم بەیانییە لە لایەن کەسانی گونجاو و پەیوەندیدارەوە پەیوەندیمان پێوە کراوە، ئەوان دەیانەوێت رێککەوتنێک بکەن.” ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان “زۆر بە توندی” دەیانەوێت بگەینە ئەنجام و کۆتایی بە ململانێکان بهێنن.
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی تاران و گوتی: “ناکرێت ڕێگە بدەین وڵاتێک جیهان بدۆشێت یان هەڕەشەیان لێ بکات، ئەوەی ئەوان دەیکەن رێک رووتاندنەوەی جیهانە و ئێمە رێگە نادەین ئەوە بەردەوام بێت.”
ترەمپ جارێکی دیکە هێڵە سوورەکانی ئەمریکای دووپاتکردەوە و رایگەیاند: “ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.” سەبارەت بە چارەنووسی ماددە ئەتۆمییەکانیش گوتی: “ئێمە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە وەردەگرینەوە؛ یان ئەوان دەیدەنەوە بە ئێمە، یان خۆمان دەستبەسەریدا دەگرین.”
هەروەها لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس)، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، دوێنێ یەکشەممە، 34 کەشتی توانیویانە بەناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن. ترەمپ ئەم ژمارەیەی وەک پێشوەچوونێکی گەورە لە قۆناغی گەمارۆکەدا وەسف کرد و پڕۆسەی داخستنی گەرووەکەی لە لایەن ئێرانەوە بە “داخستنێکی گەمژانە” ناوبرد.
نوێ دەکرێتەوە










