ئێرانجیهان

نوێترین ئاماری قوربانییانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڵاوکرایەوە

بە گوێرەی ئامارەکانی ئێران، زیاتر لە 3500 کەس لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراون.

ئەحمەد مووسەوی، سەرۆکی دامەزراوەی جەنگاوەرە دێرینەکانی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 3500 کەس لە شەڕی ئەم دواییەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە.

پێشتریش لە 12ـی نیسان رێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران ئامارێکی دیکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، 3375 کەس لە شەڕەکەدا کوژراون.

 لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هرانا) ئامارێکی دیکەی خستە روو و رایگەیاند، تاوەکو 7ـی نیسان لانی کەم 3636 کەس کوژراون. 

لەو ژمارەیە 1701 هاووڵاتیین و لانی کەم 254 منداڵی تێدایە، سەرباری 1221 سەرباز و 714 کەسی دیکە هێشتا دۆخیان دیاری نەکراوە.

شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 بە هێرشێکی ئاسمانیی فراوانی واشنتن و تەلئەڤیڤ بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی و سیاسی لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران دەستی پێکرد.

 هێرشەکان بوونە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی سەربازی و مەدەنی و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس. لە بەرانبەردا، ئێران چەندین هێرشی مووشەکیی کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە، هاوکات گەرووی هورمزی بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە و ئابووریی جیهان دروست کرد. 

بەردەوامیی شەڕەکە وای کرد وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی نێوەندگیری بدەن. لە 8ـی نیسانی 2026 بە نێوەندگیریی راستەوخۆی وڵاتی پاکستان، ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا راگەیەنرا. لە ئێستادا گفتوگۆکان لە تاران و ئیسلام ئاباد بەردەوامن بۆ گۆڕینی ئاگربەستە کاتییەکە بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

سەرچاوە

Related Posts