ئێرانجیهان

ئەرتەشی ئێران: کەشتییەکی نەوتهەڵگرمان گەیشتە…


 

لە نێوەڕاستی هەڕەشە و هۆشدارییە تووندەکانی ئەمریکادا، تاران سەرکەوتنی “ئۆپەراسیۆنێکی تێپەڕاندنی گەمارۆکان” رادەگەیێنێت و دەڵێت، نەوتهەڵگرێکیان بە پاسەوانیی هێزی دەریایی سوپا، گەیشتووەتە کەناراوەکانی باشووری ئێران.

 

رۆژی سێشەممە 21-4-2026 پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران بڵاویکردەوە، کەشتیی نەوتهەڵگری “سیلی سیتی” دوای بڕینی دەریای عەرەب، شەوی رابردوو گەیشتووەتە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران و ئێستا لە یەکێک لە بەندەرەکانی باشووری وڵاتەکە لەنگەری گرتووە.

 

سوپای ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای “هەڕەشە و هۆشدارییە بەردەوامەکانی کەشتیگەلی هێزی دەریایی ئەمریکا”، بەڵام هێزی دەریایی ئێران بە شێوەیەکی مەیدانی پاراستنی بۆ نەوتهەڵگرەکە دابین کردووە و رێگەی نەداوە ئەمریکییەکان رێگریی لێ بکەن. 

 

ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی تووندی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، دووشەممە هێرشیکردە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای عومان، بەرپرسانی باڵای دادوەری و سەربازیی ئێران، لەوانە موحسنی ئێژەیی، رایانگەیاند کە ئاگربەست شکاوە و ئەمریکا “تاوانی جەنگی” کردووە.

 

فەریق عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران، رایگەیاند هێزەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن و رێگە نادەن ئەمریکا کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات.

 

گەیشتنی نەوتهەڵگری “سیلی سیتی” لەژێر سایەی پاڵپشتیی سەربازیی ئێران، یەکەمین رووبەڕووبوونەوەی مەیدانیی بوو لەنێوان هەردوو وڵات لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆ نوێیەکەی ئەمریکا.

 

ئێژەیی هۆشداریی دابوو کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا “زۆرە” و پێویستە ئێران 100٪ ئامادە بێت بۆ “شەڕی نوێ”.

 

 

 





سەرچاوە

Related Posts