ئێرانجیهان

کەشتییەکی ئێران گەمارۆی دەریایی شکاند و گەیشتەوە بەندەرێکی وڵاتەکە

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، کەشتی نەوتی “سیلی سیتی” بە پشتیوانیی هێزی دەریایی وڵاتەکەیان، گەیشتووەتە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، لە راگەیەندراوێکی سوپای ئێراندا هاتووە، تانکەری “سیلی سیتی” شەوی رابردوو دوای تێپەڕبوونی بە دەریای عەرەبدا، بە پارێزگاریی هێزی دەریایی سوپای کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە ناو ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای “هۆشداری و هەڕەشە بەردەوامەکانی” هێزی دەریایی ئەمریکا، کەشتییەکە بە سەلامەتی گەیشتووەتە ناو ئاوە هەرێمییەکان و لە یەکێک لە بەندەرەکانی باشووری ئێران لەنگەری گرتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئێوارەی یەکشەممە، 20ـی ئەم مانگە، سوپای ئەمریکا لە نزیک کەناراوەکانی دەریای عومان دەستی بەسەر کەشتیی (تۆسکا)دا گرتووە، ئێران ئەم هەنگاوەی بە کردەوەیەکی نایاسایی و چەتەگەریی دەریایی ناو برد و جەختی کردەوە، پێشێلی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم کارەی ئەمریکا پێشێلی زەقی رێککەوتنامەی ئاگربەستی 8ـی نیسانە و دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش و رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی دەکات، هەڵوێستی توند دژی ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بگرنە بەر کە بووەتە مەترسی بۆ سەر بازرگانیی دەریایی نێودەوڵەتی.

هاوکات تاران داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کەشتییەکە، تیمی ناو کەشتییەکە و خێزانەکانیان دەکات و دەڵێت: “کۆماری ئیسلامی هەموو تواناکانی خۆی بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکان، ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی شکۆی هاووڵاتیانی بەکاردەهێنێت.” لایەنی ئێرانی دووبارە جەختی کردەوە کە بەرپرسیارێتی لێکەوتەکان و ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە لە ئەستۆی ئەمریکادایە.

ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەرێوەبچێت، بەڵام تاوەکو دوێنێش ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی کردەوە شاندی دانوستان بنێرنە پاکستان، هاوکات تاوەکوو ئێستاش شاندی ئەمریکا نەگەیشتوونەتە وڵاتی میواندار.

سەرچاوە

Related Posts