دوای 14 رۆژ لە ئاگربەست، جارێکی دیکە دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر شەقامەکانی ئێراندا کێشاوە. لە کاتێکدا بڕیارە شاندەکانی تاران و واشنتن لە پاکستان کۆببنەوە، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران و هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی ئەو وڵاتە دەکات ئەگەر مەرجەکانیان قبووڵ نەکەن.
دوو هەفتە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی ژیان لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران تا رادەیەک ئاسایی بێتەوە. لە دوایین رۆژەکانی ئەم مۆڵەتەدا هاووڵاتییانی ئێران نیگەرانن لە بێئاکامبوونی دانوستانەکان و دەستپێکردنەوەی جەنگ.
بابەک سەمیعی، ئەندازیار، ئاماژەی بەوە دا، هەوڵی داوە بەپێی توانا بگەڕێتەوە سەر رۆتینی پێشووی ژیانی. روونیشی کردەوە، لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا نەیانتوانیوە هیچ کارێک بکەن. پێشی وایە دانوستانەکان بەردەوام دەبن و رەنگە ئاگربەست درێژ بکرێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ناگەنە رێککەوتن و جەنگ دەست پێ دەکاتەوە.
لە بەرانبەردا بەشێک لە هاووڵاتییان پێداگرن لەسەر ئەوەی نابێت وڵاتەکەیان ملکەچی داواکانی ئەمریکا بێت و پێیان وایە بەبێ رێککەوتنیش جەنگ روو ناداتەوە.
رەزا شیری، کاسبکار، رایگەیاند، وەک ئێرانییەک وڵاتەکەی خۆی خۆش دەوێت و پێی وایە داواکارییەکانی ئەمریکا زۆر قورسن. ئەوەشی خستە روو، واشنتن دەیەوێت هەموو شتێکیان رادەست بکەن و یۆرانیۆم و پاشەکەوتەکانیان بدەن بە ئەوان.
هەروەها گوتی: “بە هیچ شێوەیەک ئەم کارە ناکەین و پێشم وا نییە جەنگ روو بداتەوە، لەبەر ئەوەی جەنگ بۆ هەردوو لا تێچووی قورسی هەیە”.
بڕیارە لە دوایین رۆژی مۆڵەتە 14 رۆژییەکەی ئاگربەستدا، شاندەکانی ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە لە پاکستان کۆببنەوە.
لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی 2026، دوای ئەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتن و تاران شکستیان هێنا، جەنگێکی گەورە لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەڵگیرسا.
دوای نزیکەی دوو مانگ لە ململانێ و بۆردومانی سەربازی، لە رۆژی 8ی نیسانی 2026، بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان، هەردوو لا گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەستێک بۆ ماوەی 14 رۆژ.
لە ئێستادا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری داوەتە تاران ئەگەر مەرجەکانیان بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و رێککەوتنێکی نوێ قبووڵ نەکەن، هێرشەکانیان دەست پێ دەکەنەوە و تەواوی ژێرخانی وزە و پردەکانی ئێران وێران دەکەن.
لە بەرانبەریشدا بەرپرسانی ئێران تا ئێستا ئامادەیی تەواویان بۆ قبووڵکردنی داواکارییەکان نیشان نەداوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێیەکی زۆر لای هاووڵاتییانی ئێران سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی جەنگێکی وێرانکەری دیکە لە ناوچەکەدا.










