فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایدەگەیێنێت، هێزە چەکدارەکانی ئێران لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک؛ دەشڵێت: “ئەمریکا و ئیسرائیلمان ناچار بە داوای ئاگربەست کردووە.”
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ی نیسانی 2026، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگەی ناوەندەیی خاتمولئەنبیا، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: “گەلی ئێران شانازی بە دەسەڵات و ئامادەیی هەمەلایەنەی سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکان دەکات، کە بە گورزە مووشەکی و درۆنییە وێرانکەرەکانیان، دوژمنی تەمبێ کردووە.”
بە گوتەی ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران، هێزەکانیان بە وەڵامە بەهێز و یەکلاکەرەوەکانیان ئەمریکا و ئیسرائیلیان تووشی بێهیوایی و داخوران کردووە، بە جۆرێک کە “بە کڕوزانەوە داوای ئاگربەستیان کردووە.”
فەرماندەی قەرارگەی ناوەندەیی خاتمولئەنبیا ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ژێر فەرمانی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکگرتوون و ئامادەن وەڵامێکی “یەکلاکەرەوە و خێرا”ی هەر هەڕەشە و هەنگاوێکی هەڵەی دووژمن بدەنەوە.
عەلی عەبدوڵڵاهی هێرشی کردە سەر سەرۆکی ئەمریکا و گوتی: “هێزە چەکدارەکانمان دەستی باڵایان هەیە و رێگە نادەن سەرۆکی درۆزن و وەهمیی ئەمریکا گێڕانەوەی هەڵە و درۆ لەبارەی دۆخی مەیدانی و کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز بڵاو بکاتەوە، هەر پێشێلکارییەکیش بکرێت وەڵامێکی شایستەی دەبێت.”
گرژییەکانی ناوچەکە و ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر ئاستی سەربازی و سیاسی لە هەڵکشاندایە. لە هەمانکاتدا لە پاکستان ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە.










