وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، پڕۆسەی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لەو مینانەی ئێران چاندوویەتی، شەش مانگ دەخایەنێت و پڕۆسەکەش تەنیا دوای کۆتاییهاتنی هەر جەنگێک لە ناوچەکە دەست پێ دەکات.
رۆژنامەی “واشنتن پۆست” بڵاویکردەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە کۆنگرێسی راگەیاندووە، پاککردنەوەی گەرووی هورمز لەو مینانەی لەلایەن ئێرانەوە چێنراون، شەش مانگی پێویستە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن لە دانیشتنێکی نهێنیدا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، باسی لە ماوەی پاککردنەوەی گەرووەکە کردووە. ئەوەش ئەندامە کۆماری و دیموکراتەکانی نیگەران کردووە لەوەی دوای رێککەوتنێکی ئاشتیش لە نێوان ئەمریکا و ئێران، نرخی نەوت و گاز بە بەرزی بمێنێتەوە.
ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن ئاشکراشی کردووە، بە کۆنگرێس گوتراوە ئێران زیاتر لە 20 مینی لە گەرووی هورمز و دەوروبەری چاندووە، هەندێکیان بە بەلەمی بچووک چێنراون و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی سیستمی “جی پی ئێس”ـەوە ئاراستە کراون.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و وزە. پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، رۆژانە نزیکەی 21%ـی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕی.










