ئێرانجیهان

ئێران کەسێکی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل…


دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سۆڵتانعەلی شیرزادی، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخراوی موجاهیدینی خەلق و هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، لەسێدارە دراوە.

 

ئاژانسی هەواڵیی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، سۆڵتانعەلی شیرزادی “دوای تێپەڕاندنی قۆناخە یاساییەکان و پشتڕاستکردنەوەی سزاکەی لەلایەن دادگەی باڵای وڵاتەوە” سزای لەسێدارەدانەکەی بەسەردا جێبەجێ کراوە.

 

دەسەڵاتی دادی ئێران دەشڵێت، “سزاکە ئەم بەیانییە جێبەجێکراوە”، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی نەکردووە.

 

بەگوتەی دەسەڵاتی دادی ئێران، شیرزادی لە ساڵی 1987 بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنووری سەڵماسەوە چووەتە دەرەوە و خۆی گەیاندووەتەوە عێراق و پەیوەندی بە ریزەکانی موجاهیدینی خەلق کردووە. 

 

هەر لە راگەیێندراوەکەی دەسەڵاتی دادی ئێراندا هاتووە، شیرزادی “دانی بەوەدا ناوە” کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی (فروغ جاویدان) و (چلچراغ) دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشداریی کردووە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە لە کاتی چوونە ناوەوەی سوپای عێراق بۆ ناو کەمپی ئەشرەف لە ساڵی 2012، یەکێک بووە لەو کەسانەی بەرەنگاری هێزەکانی عێراق بووەتەوە و لەو پێکدادانەدا بریندار بووە.

 

لە مانگەکانی رابردوودا، جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران، بەتایبەت لەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە “تۆمەتی ئەمنی” و “سیخوڕی”ـیەوە هەیە، رووی لە زیادبوون کردووە.

 

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان لە زیادبوونی لە سێدارەدانەکان دەربڕیوە و دەڵێن، تەنیا ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تۆمەتی سیخوڕییان لەسەرە، بەڵکو بەشێک لەوانەی لەسێدارە دراون پەیوەندییان بە خۆپێشاندانەکانەوە هەبووە. ئەو رێکخراوانە، کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن بەوەی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی “ترس و تۆقاندن” لە ناو کۆمەڵگەدا بەکاردەهێنێت.

 

 

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران جەخت دەکەنەوە کە ئەم سزایانە لە چوارچێوەی یاساکانی وڵات و بۆ بەرەنگاربوونەوەی “هەڕەشە ئەمنییەکان” جێبەجێ دەکرێن.

 





سەرچاوە

Related Posts